لە کاتی مانگگیراندا نوێژ و زیکر بکەن

لەسەر دیاردەی مانگگیران یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە
لە بارەی دیاردەی مانگیرانەوە یەکێتی زانایانی کورستان بەیاننامەیەکی بڵاوکردوەتەوە و داوا لە هاووڵاتییان دەکەن لە کاتی درووستبوونی ئەم دیاردەیە نزا بکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان لە بەیاننامیەکدا ڕایگەیاند، دیاردەی مانگرتن، دیاردەیەکی نوێ نییە، مانگگیران و خۆرگیران دیاردەیەکی گەردوونی و سروشتییە، زانست هۆکارەکانی دیاریکردوون، بەدرێژایی مێژوو ئەم دیارەدەیە روویداوە.
لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە، لە فەرهەنگی ئیسلامدا، مانگگیران و خۆرگیران دوو نیشانەی گەورەن لە نیشانەی دەستەڵاتی خودا، بۆیە لەم کاتەدا نوێژ و زیکر و پاڕانەوە و ئیستغفارکردن سوننەت و پێویستە.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە، کە دیاردەی مانگیران، جێی رامان و قووڵبوونەوەیە لە گەورەیی دەستەڵاتی خوای گەورە، کە چۆن و بە چ میکانیزم و رێسایەکی فیزیکی و ئەندازیاری ورد و سەرسوڕهێنەر ئەم گەردونە بەڕێوە دەبات.
ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ سیروان ساڵح، شارەزای کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، سبەی یەکشەممە، لە دوای مەغریبەوە دیاردەی مانگ گیرانەکە دەستپێدەکات و لەسەرەتادا زۆر نابیندرێت، بەڵکو لە دوای کاتژمێر 8:30 بۆ 9:30 بە تەواوەتی دەبیندرێت.