لەدوای ڕووداوەکەی لالەزار ژمارەیەکی هێزەکانی دووپشک دەستگیرکراون

برای یەکێک لە دەستگیرکراوەکان داوایەک ئاڕاستەی قوباد تاڵەبانی دەکات
لەدوای ڕووداوەکەی لالەزار ژمارەیەکی هێزەکانی دووپشک دەستگیرکراون، برای یەکێک لەوانە داوایەک ئاڕاستەی قوباد تاڵەبانی دەکات و دەڵێت: "ڕێگە بدەن با سەردانیان بکەین".
ئەمڕۆ شەممە کرمانج حوسێن، برای یەکێک لە گیراوەکانی لالەزار لە بلاتفۆڕمی فەیسبووک بڵاویکردەوە، لە دوو هەفتەی ڕابردوودا چەندین جار بەتەلەفۆن و نامە پەیوەندیم کردووە بەدەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، سوپاسی پەرۆشی و بەدەنگەوە هاتنیان دەکەین.
جەختی لەوەکردەوە، بەڵام لەو ماوەیەدا نەیانتوانیوە هیچ جوابێکمان بدەنەوە و سەردانێکی گیراوەکانمان بۆ مسۆگەر بکەن، یان هیچ نەبێ خۆیان بتوانن سەردانیان بکەن و بتوان پێنج دەقە بەئازادی باسی ڕەوشی خۆیان بکەن.
دووپاتیکردەوە، ئەوەش ڕاستی و دروستی بەیاننامەکەی دوێنێیان دەسەلمێنێ کە یەکێتی بەتوندی ڕەتی کردەوە.
باسی لەوەشکرد، کەواتە ئەمجارە لەجیاتی مافی مرۆڤ داوا لە جێگری سەرۆکی حکومەت و بەرپرسی مەکتەبی سکرتاریەت کاک قوباد دەکەم کۆتایی بەو ڕەوشە بێنێت.
لە درێژەی داواکارییەکەی بۆ قوباد تاڵەبانی دەڵێت: "ڕێگە بدات سەردانی دەستگیر کراوەکانمان بکەین و دڵنیا بین لەسەلامەتی و تەندروستیان".
کرمانج حوسێن ڕوونیکردەوە، هێشتنەوەیان بەم جۆرە و نەناردنیان بۆ زیندانی ئاسایش، جێگەی نیگەرانی و گومان و قەلەقیمانە.