پایتەخت

پێدانی ئاوی قەڵادزێ بە هاووڵاتیان دەستپێدەکاتەوە

پێدانی ئاوی قەڵادزێ بە هاووڵاتیان دەستپێدەکاتەوە
کورتە

بەڕێوەبەری ئاوی قەڵادزێ چارەسەربوونی کێشەی ڕاگیرانی ئاوی بە هاووڵاتییان ڕاگەیاند

 

ماوەی 4 کاتژمێر پێدانی ئاو بە دانیشتوانی قەڵادزێ ڕاگیرا، بەڕێوەبەری ئاوی قەڵادزێش جەخت لە چارەسەرکردنی گرفتەکە دەکاتەوە و دەڵێت: "پێدانی ئاو ئاسایی بووەتەوە".

ئەمڕۆ شەممە مارف مەحموود، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی قەڵادزێ بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، لە کاتژمێر 10:30وەوە پەمپەکانی کەمکرانەوە بۆ دوو پەمپ ئەمەش وایکرد ئاستی ئاوی کۆگاکانی قەڵادزێ دابەزێت هەر بۆیە لەو کاتەوە پێدانی ئاو ڕاگیرا.

شایەنی باسە، گرفتەکەمان چارەسەرکردووە بەهۆی نۆژەنکردنەوەی بەربەستەکە بۆ ئەوەی ئاوەکە گلبداتەوە بێتەوە نێو پڕۆژەی ئاوی قەڵادزێ، نزیکەی دوو کاتژمێرە دەستمانکردەوە بە پێدانی ئاو.

مارف مەحموود جەخت لەوەدەکاتەوە، قەرەبووی ئەو ماوەیە دەکەینەوە کە پێدانی ئاو ڕاگیرابوو.

هۆکاری گرتنەوەی ئاو لە ئێرانەوە ئاشکرا دەکات، تا ئێستا سێ بەربەست لەسەر زێی بچووک دروستکراوە، ئێران لە ژمارەیەک بەربەست کارەبا بەرهەمدەهێنێت یاخود ئەم ئاوە بۆ زەوییە کشتوکاڵییەکانیان بەکاردەهێنن ئەمەش وایکردووە ئاو کەمتر بەردەدەنەوە و تەنانەت دوای جەنگی ئێران و ئیسڕائیل ئێران خۆی دووچاری کێشەی کەمی کارەبا بووەتەوە، بۆیە ئاوی زێی بچووک دەگرێتەوە و بۆ پڕکردنەوەی کێشەی کەمی کارەبا سودی لێ وەردەگرێت.

بەڕێوەبەری ئاوی قەڵادزێ سەبارەت بە ڕێککەوتنی حکومەتی هەرێم و ئێران لەسەر ئاو گووتی: "تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک نەکراوە، چونکە شێوازی بەڕێوەبەردنی ئاو لە ئێران جیاوازە، وەزارەتێکی سەربەخۆ نییە  بابەتی سەرچاوە ئاوییەکان پەیوەندیدارە بە لایەنێکی سەربازی".

هەر ئەمڕۆ فەرمانگەی ئاوی قەڵادزێ هاووڵاتییانی ئاگادار کردبوویەوە لە ڕاگرتنی پێدانی ئاو و جەختی لەوەشکردبوویەوە، ئەوگەڕەکانەی ئاویان پێنەدراوە لە کاتەکانی داهاتوودا قەرەبوو دەکرێنەوە.

06 ئەیلوول 2025 17:46 39
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025