لە پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی بە پارە قەرەبووی هاووڵاتییان دەکرێتەوە

لە پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی چۆن قەرەبووی هاووڵاتییان دەکرێتەوە؟
لە پێناو دابینکردنی سەوزایی و پاککردنەوەی هەوای شاری هەولێر ناوازەترین پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی بە پانی دوو کیلۆمەترە دروست دەکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر لەبارەی هەنگاوەکانی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی بە پایتەخت میدیای راگەیاند، لە ئێستادا لە قۆناغی قەرەبووکردنەوەی هاووڵاتییانداین، ئەو شوێنانەی دامەزراوەکان و داچێندراوەکانن بە پارە قەرەبوو دەکرێنەوە، زەوییەکانیش بە زەوی نیشتەجێبوون قەرەبوو دەکرێتەوە بە نزیکترین سنووری خۆیان.
جەختی لەوەشکردەوە، لە یەکەمین هەنگاوی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر 2 هەزار 800 دۆنم زەوییمان دیاریکردووە بۆ قەرەبووکردنەوەی هاووڵاتییان رێژەی قەرەبووکردنەوەکەش پێکدێت لە 90 دامەزراو و داچێندرا، بەنزیکەیی 2 هەزار پارچە زەوییش قەرەبوو دەکرێنەوە.
سەبارەت بە ڕێژەی قەرەبووەکە گووتی: "ئەوەی گرێبەستی هەبێت %3 قەرەبوو دەکرێتەوە و ئەوەشی موڵکیش بێت %12 قەرەبوو دەکرێتەوە".
جێگەی باسە، پشتێنەی سەوزایی هەولێر، پرۆژەیەکى ستراتیژىیە و بەشێوەی بازنەیی بە چواردەوری هەولێردا دەسووڕێتەوە و دەکەوێتە دوای شەقامی 150 مەتری، پانی پشتێنەکە دوو کیلۆمەترە، بڕیارە لەو پرۆژەیەدا داری زەیتوون و فستەق بچێنرێن.