دەستەی مافی مرۆڤ لەبارەی ڕووداوەکەی شێخان هاتە دەنگ

داواکراوان خەڵک و خۆیان وەک قەڵغان بەکاردێنن
لەسەر ڕووداوی ڕووبەڕووبوونەوەی تۆمەتبارێک لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی شێخان دەستەی مافی مرۆڤ هاتە دەنگ و دەڵێت: "داواکراوان خەڵک خۆیان وەک قەڵغان بەکاردێنن".
ئەمڕۆ چوارشەممە دەستەی مافی مرۆڤی سەربەخۆی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، بەداخەوە لەکاتی دەستگیر کردنی کەسێکی داواکراو لە سنوری شێخان کە بەبازرگانی ماددە هۆشبەر تۆمەتبار بووە ڕووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان بووە، لەئاکامدا قوربانی و برینداری لێ کەوتەوە لەنێوان هەردوولا.
باسی لەوەشکرد، ڕووداوەکە نیگەرانی کردین و ئەوەی پێ وتین هێشتا چەک لەلای خەڵکانێک هەیە لەدەرەوەی یاساو مەترسیە بۆ سەر ئاسایشی گشتی خەڵک و بابەتی ماددە هۆشبەرەکانیش بۆتە پرسێکی گرنگ و جێی هەڵوەستە کردنە.
جەختی لەوەشکردەوە، پشتیوانی لە هەر ڕێکارێکی یاسایی دەکات بۆ دەستگیرکردنی داواکراوان بەڕەچاو کردنی پاراستی ژیانی خەڵک و هاووڵاتییان.
دەستەی مافی مرۆڤ دووپاتیکردەوە، بەداخەوەش زۆرجار دەبینین داواکراوان ڕووبەڕووی هێزە ئەمنیەکان دەبنەوەو خەڵک و ماڵەکانی خۆیان وەک قەڵغان بەکار دێنن و دواتر هاوڵاتیان و زۆرجاریش هێزە ئەمنیەکان دەبنە قوربانی.
ڕوونیکردەوە، ئێمە هیوادارین لەو پرسانە یاسا سەروەر بێت و داواکراوان بە ڕێکاری ئاسایی و یاسایی خۆیان ڕادەستی دەزگا ئەمنیەکا بکەن و نەبنە مایەی تێکدانی ئاسایش و ئارامی.
لە ڕاگەیەندراوەکە هاتووە، پرسەی خۆمان بۆ قوربانیەکان ڕادەگەینین و ئارامی بۆ کەس و کاریان دەخوازین و داوای شیفاش لەخودا بۆ بریندارەکان دەخوازین .