دوو هاوسەری فەرمانبەر پێکەوە دەتوانن زەوی وەربگرن؟

بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر لەبارەی چۆنیەتی وەرگرتنی زەوی ڕوونکردنەوە دەدات
ماوەی چەند مانگێکە دابەشکردنی زەوی و تۆمارکردنی ناوی فەرمانبەران دەستپێکردووە، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر لەبارەی چۆنیەتی وەرگرتنی زەوی ڕوونکردنەوە دەدات.
ئەمڕۆ سێشەممە مەریوان حاکم هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر لەبارەی سوودمەندبوونی دوو هاوسەری فەرمانبەر لە وەرگرتنی زەوی بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، ئەگەر پیاوەکە بە سەڵتی زەوی وەرگرتبێت، ئەوا ئێستا تەنیا هاوسەرەکەی دەتوانێت زەوی وەربگرێت و زەوییەکەش بەناوی هاوسەرەکەی دەکرێت.
جەختی لەوەشکردەوە، ئەگەر دوو هاوسەری فەرمانبەر لە ڕابردوودا سوودمەند نەبووبن لە وەرگرتنی زەوی ئەوا لە ئێستادا ناتوانن هەردووکیان پێکەوە فۆڕمی وەرگرتنی زەوی وەربگرن تەنیا یەک کەسیان دەتوانێت، هەر بۆیە دوو هاوسەری فەرمانبەر ناتوانن زەوی وەربگرن.
ناوبراو ئاماژە بەوەش دەدات، ئەگەر لە ماڵێکدا چەند خوشک و برایەکی فەرمانبەری سەڵت پێشووتر سوودمەند نەبووبن، ئەوا مافیان هەیە زەوی وەربگرن.
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر لەبارەی هاوسەرگیری فەرمانبەران دوای پڕکردنەوەی فۆڕمی وەرگرتنی زەوی گووتی: "ئەگەر دوو کەسەکە بە سەڵتی ناوی خۆی تۆمارکردبێت، دوای ناوهاتنەوە هاوسەرگیریان ئەنجام دابێت، ئەوا زەوییەکانیان لێ وەرناگیرێتەوە بە سوودمەندبوو هەژمارن".
لەبارەی ئەو کەسانەی ناوی خۆی تۆمارکردبێت دواتر کۆچی دواییکردبێت ئاشکرای دەکات، مافی ئەو کەسە نافەوتێت و زەوییەکە بۆ میراتگرانی دەگەڕێتەوە.
بۆ ئەو کەسانەی جیادەبنەوە لە هاوسەرکانیان ڕوونیدەکاتەوە، دوای تۆمارکردنی ناوەکانییان بە هاوسەرداری و دواتریش جیادەبنەوە تەنیا یەک کەسیان سوودمەند دەبێت و زەوییەکەیان بۆ دەکرێتە نیوە بەش.