هەزارەها زەوی بەسەر فەرمانبەرانی سنووری مادەی 140 دابەش دەکرێت

بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر دابەشکردنی هەزارەها پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا ڕاگەیاند
لە چوارچێوەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، ئەمڕۆ بەشێوەیەکی کتوپڕ فەرمانبەرانی سنووری ماددەی 140 سوودمەند دەبن لە دابەشکردنی هەزارەها پارچە زەوی بەسەریاندا.
ئەمڕۆ یەکشەممە مەریوان حاکم هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ 2 هەزار و 468 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازی( پێشمەرگە و ئاسایش) سنووری ماددەی 140 دابەش دەکرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، لە کۆی ئەم دابەشکردنە فەرمانبەرانی هەرسێ سەرۆکایەتی شارەوانی مەخموور، دیبەگە و قەراج بەئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بەشێوەی تیروپشک زەوییەکان دابەش دەکرین.
دەربارەی وەرگرتنی ڕسوومات بۆ تاپۆکردنی زەوییەکان جەختی لەوەکردەوە، هیچ ڕسووماتێک لە فەرمانبەرانی سوودمەندبوو وەرناگرێت.
شایەنی باسە، بەگوێرەی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی زەویی فەرمانبەرانی سنووری ماددەی 140 بەهەمان شێوەی فەرمانبەرانی هەرێم زەوییان بەسەر دابەش دەکرێت.