وادەی دەستپێکردنەوەی گەشتی عومرە ئاشکرا کرا

پایتەخت میدیا زانیاری نوێ دەربارەی دەستپێکردنەوەی گەشتەکان دەخاتەڕوو
دوای ئەوەی 8 ڕۆژ لە ڕاگرتنی گەشتی عومرەی ئاسمانی لە کوردستان بۆ سعودیە ئەمڕۆ بە فەرمی گەشتەکان دەستپێدەکاتەوە، لەمبارەیەوە گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرە زانیاری ورد دەخاتەڕوو.
ئەمڕۆ سێشەممە کاروان ستوونی، گوتەبێژی بهرێوهبهرایهتی گشتی حهج و عومرهی كوردستان سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان بە پایتەخت میدیای راگەیاند، دوای ئهوهی لە رۆژی 19/8/2025 هەڵوێستمان وەرگرت گهشته ئاسمانییهكانی عومره بۆ وڵاتی سعوودیه راگیرا بۆ ئەوەی مافی عومرەکار بدرێت.
دەربارەی دەرکردنی بڕیارێکی گرنگ بۆ عومرەکاران ئاشکرای دەکات، ئهمرۆ دوای کۆبوونەوە لەگەڵ سهرجهم خاوهن كۆمپانیاكانی بهرنامه فرۆش بڕیاردرا گەشتە ئاسمانییەکانی عومرەکاران بۆ سعودیە دەستپێبکاتەوە.
کاروان ستوونی دەربارەی وەرگرتنی بەڵێننامە لە خاوەن کۆمپانیاکانی بەرنامە فرۆشتن گووتی: "بەڵێننامەمان لێوەرگرتوون کە ئەم کارە دووبارە نەبێتەوە، ئەوەی عومرەکار گەشت بکات کاتی چوون و هاتنەوە دیاری بکەن، زەماڵەی خزمەتکردنییان بدرێت.
هەر لەمبارەیەوە ئەوەشی خستەڕوو، عومرەکار کاتێک گەشتی ئاسمانی دەکات دەبێت بە ڕێگەی ئاسمانی بگەڕێندرێنەوە و ئەگەریش بە وشکانی بوو دەبێت بە نووسراو و ڕەزامەندی خۆی بێت و تێچووەکەشی بگەڕێندرێتەوە بۆ عومرەکار.
گوتەبێژی بهرێوهبهرایهتی گشتی حهج و عومره دڵنیایی دەداتە عومرەکار و دەڵێت: "ڕێگە نادەین هیچ کەسێک مافی عومرەکار پێشێل بکات".
دەربارەی ئەو 2 هەزار عومرەکارەی لە سعودیە کێشەی گەڕانەوەیان بۆ دروست بوو ڕوونیکردەوە، ئێستا کیشەی ئەم عومرەکارانە چارەسەر کراوە و زۆربەیان گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان.
ماوەی 10 ڕۆژە نزیکەی 2 هەزار عومرەکاری کورد لە سعودیە تووشی گرفتی گەڕانەوە بوون کە نەیاندەتوانی لە رێگەی ئاسمانی گەشت بکەن.