ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار لەسەر پرسی مووچەی مانگی 6 دەدات

ئەمڕؤ ڕاپۆرتی تەیف سامی تایبەت بە کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا دەخرێتە بەردەم سوودانی
بەهۆی دروستبوونی جیاوازی لێکدانەوەی مامەڵەکردنی یاسایی لەگەڵ ئەو داهاتانەی کە لە باج و رسومات و گومرگەوە لە هەرێمی کوردستان کۆدەکرێنەوە، هەردوو شاندی هاوبەشی هەرێم و بەغدا، بڕیاریاندا تەواوی بابەتەکە بە وردەکارییەکانیەوە بخەنە بەر دەست ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی.
وا بڕیارە ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێڕاق بەڕێوەبچێت و تێیدا تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق ڕاپۆڕتێکی 75 لاپەڕەیی بخاتە بەردەم ئەنجوومەن لە بارەی ناکۆکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی تەیف سامی، لە میانەی دواین کۆبوونەوەی نێوان شاندی هاوبەشی هەرێمی کوردستان و بەغدا، شاندەکەی هەرێم جەختی کردەوە لەسەر پابەندبوونیان بە رێککەوتنی پێشوو، بەڵام ئاماژەیان بە لێکدانەوەی تایبەتی خۆیان کرد بۆ چەمکی "گەنجینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان" و جیاوازییەکەی لەگەڵ "گەنجینەی گشتیی فیدراڵی".
ناکۆکی بنەڕەتی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەبارەی داهاتی باج ئەوەیە بەغدا داوا گەڕاندنەوەی تەواوی داهاتی دەکات، بەڵام هەرێمی کوردستان جەخت لەسەر پشکی 50%ی خۆی دەکاتەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، هەرێمی کوردستان پێیوایە ئەو ڕسووماتانەی بەپێی یاساکانی خۆی کۆدەکرێنەوە 100% موڵکی خۆیەتی بەڵام بەغدا بەشێکی زۆری بە داهاتی فیدڕاڵی دەزانێت، بۆیە عێراق دەیەوێت 100%ـی داهات وەربگرێت، پشکی هەرێمی کوردستان بنێرێتەوە، بەڵام هەرێمی کوردستان دەیەوێت تەنیا پشکی 50%ـی بەغدا بنێرێت.
جێێ باسە هەردوولا ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی داهاتی کرێی نیشتنەوەی فڕۆکە 50% بە 50% دابەش بکرێت تەواوی داهاتی پێبژاردەکان 100% بگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی گشتیی عێراق.