ئێف بی ئای داوای دەستگیرکردنی ئەم مافیایە کوردە دەکات

هاووڵاتییەکی کوردی خاوەن تۆڕێکی مافیاگەریی لەلایەن ئێف بی ئای داوای دەستگیکردنی دەکرێت
بە فەرمی هاووڵاتییەکی کورد، کە خاوەن تۆڕێکی مافیاگەرییە، بە چەندین تۆمەتی جیاواز لەلایەن نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا (FBI) خرایە لیستی داواکراوەکان.
هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ناجی شەریفی زیندەشتی" خەڵکی ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستانە، تێوەگلاوە لە چالاکەییەکی گوماناوی تاوانکاریدا، لەنێویاندا هەوڵی کوشتنی بەکرێگیراوی دوو دانیشتووی ویلایەتی مێریلاندی داوە، بۆیە لەلایەن FBIـیەوە داوای دەستگیرکردنی دەکرێت.
بەگوێرەی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا (FBI)، ناوبراو لە لە مانگی کانوونی یەکەمی 2020ـەوە تاوەکو مانگی ئاداری 2021، تۆڕە تاوانکارییەکەی زیندەشتی لە ئێرانەوە، بە بەکارهێنانی ئەپلیکەیشنی نامەناردنی نهێنی، هەوڵیداوە ئەندامی باندەکانی تاوانکاری لەنێو ئەمریکای باکووردا بەکرێ بگرێت بۆ کوشتنی دوو کەس کە لە ئێران هەڵاتوون.
جگە لەوەش، یەکێک لەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی کراوە، رفاندنی فەرەجوڵڵا چەعب "حەبیب ئەسوید"، کەسایەتیی عەرەبی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانە.
جێی باسە زیندەشتی پێشینەیەکی دوور و درێژی لە تۆمەتبارکردن بە کاری نایاسایی، لەوانە بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر، کوشتن و رفاندنی نەیارانی ئێران هەیە.
لە ئێستادا ئێف ئای بی داوا لە هەر کەسێک دەکات کە زانیاریی لەسەر زیندەشتی هەیە، پەیوەندی بە نزیکترین نووسینگەی FBI یان باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەی ئەمریکاوە بکات.