مافی مرۆڤ بۆ پایتهخت: بهرهی گهل سكاڵای تۆمار كرد

بەرەی گەل بەفەرمی سکاڵایان لەسەر شەڕەکەی لالەزار تۆمار کرد
هەڵکوتانەسەر لالەزار و شەڕ و پێکدادانی هێزەکانی بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی دەنگدانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤیش پێشێلکارییەکانی شەڕەکە دەخاتەڕوو.
ئەمڕۆ یەکشەممە سلێمان موحسین، گوتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان دەربارەی پێشێلکارییەکانی شەڕەکەی لالەزار بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، ئیدانەی ئەم کردەوەیی سەر لالەزار دەکەین، خەڵکی سلێمانی و بەگشتی هەرێمی کوردستان بەم رووداوە نا ئاسوودەبوون، بەتایبەتی ئەو هاووڵاتییانی ماڵەکانییان لە نزیک لالەزارەوە بووە، زیانێکی زۆر بەریان کەوتووە.
دەربارەی ڕاگەیاندنی ئامارەکانی کوژراوەکانی شەڕەکە گووتی: "ئێمە تێبینیمان هەیە لەسەر ئەم ژمارەیە کە لە هەردوو لا کوژراون، لەو بڕوایەداین زیاتر بووە نووسینگەی سلێمانیمان ڕاسپاردووە بۆ ئەوە ژمارە راستەکەمان دەستبکەوێت".
سلێمان موحسین دەربارەی ئەو کەسانەی بێسەر و شوێنن جەختی لەوەکردەوە، هەوڵ دەدەین لە ڕێگەی نووسینگەی سلێمانییەوە بەدوای چارەنووسی ئەو کەسانە بکەوین.
لێدانی زلەیەک لە لاهور شێخ جەنگی و قسەی نەشیاو بە دیلەکانی دیکە، بە پێشێلکاری وەسف دەکات و دەڵێت: "نابێت بە هیچ جۆرێک بەم شێوازە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، ڕووتبکرێنەوە و قسەی نەشیاوییان پێبگوترێت دەبێت ڕێگری لەم تاوانە لێبکرێت".
گوتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ زانیاری نوێ ئاشکرا دەکات، ئەمڕۆ شاندێکی سەرکردایەتی بەرەی گەل بەفەرمی سکاڵایان لای ئێمە تۆمار کردووە و ئێمەش بە بێ لایەنی بەدواداچوون دەکەین.
لەسەر سکاڵەکە ئەوەشی خستەڕوو، بەرەی گەل سکاڵایان لەسەر هێرشەکەی یەکێتی نیشتیمانی تۆمارکردووە و لەسەر کۆی دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی، کوشتارگەی ڕووداوەکە، داخستنی کەناڵی زووم و یانەی نەورۆز تۆمارکردووە.