دادوەرە میهرەبانەکەی ئەمریکا کۆچی دوایی کرد

دادوەر فرانک کاپریۆ ناسراو بە دادوەری میهرەبان لە تەمەنی 88 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد
یاسا بۆ هاوکاریکردنی مرۆڤەکان دانراوە نەک بۆ دژایەتیکردن و سزادانیان، ئەم قسەیە ڕوانگەی یاسادانەر و دادوەر و زۆربەی مرۆڤەکانی گۆڕی، ئەمە قسەی ئەو کەسە میهرەبان و لێبوردەیە بوو کە جیهان لەدەستی دا.
دادوەر فرانک کاپریۆ، ناسراو بە دادوەری میهرەبان یان دادوەرە لێبوردەکە، ئەو کەسەی نیشانی داین، کە لە بەهیزترین و بەرزترین پلەکانیشدا لێبوردەیی و میهرەبانی دەتوانێت ڕۆڵی باش بگێڕێت و سەختییەکان ئاسان بکاتەوە، فرانک کاپریۆ نەک هەر دادوەرێک، بەڵکو سەرۆکی دادوەرانیش بوو، دەیتوانی زۆر توند و سەخت بجووڵێتەوە، بەڵام بە شێوازێکی دیکە مامەڵەی بە یاسا دەکرد و لە بەشێک لە دۆسییەکاندا وەکو خەمخۆرێکی تاوانباران و تۆمەتباران هەڵسوکەوتی دەکرد، ئەو بە شێوازی تایبەتی خۆی لە بەکارهێنانی یاسادا توانی سیمای دادگاکان و یاساکانیش بگۆڕێت، بە شێوەیەک کە زۆربەی تاوانباران بە چاوی گریانەوە سوپاسیان دەکرد، چونکە هەوڵی دەدا خەڵک فێری شێوازە دروستەکەی ژیان و پابەندبوون بە یاساوە بکات.
چیرۆکی پشت میهرەبانییەکەی فرانک کاپریۆ هەژاریی خۆی و بنەماڵەکەی بوو، باوکی شیر فرۆشێکی گەڕیدە بوو، دوای خوێندنی لە قوتابخانە ناچار دەبوو لە چێشتخانە کار بکات، هەر ئەمە وایکرد کە ئاستەنگەکانی ژیان بە باشی هەست پێبکات و لە ژیانی یاساییشیدا ڕەنگی دایەوە، منداڵانی لە دادگا بانگ دەکرد و ئەوانی دەدواند، دەیگوت ناخی منداڵان پاک و بێگەردە و نابێت هەست بە نیگەرانی بکەن، لەگەڵ هەژاران باشتر مامەڵەی دەکرد و هەموو هەوڵی دادپەروەرییەکی میهرەبانانە بوو، فرانک لە تەمەنی 88 ساڵیدا و بە نەخۆشیی شێرپەنجە گیانی لەدەستدا، بەڵام پێش مردنی دەیگوت؛ نزام بۆ بکەن، چونکە جیا لە زانستی پزیشکی، نزا هێزی یەکەم و ڕاستەقینەیە، ئەو لە سەرەمەرگیشدا دەستخۆشی و سوپاسی خەڵکی کرد و وتی، ساڵ ڕابردوو داوام لێکردن نزام بۆ بکەن، زۆر بە ڕوونی دیارە کە کردووتانه، چونکه به قۆناغێکی زۆر سەختدا تێپەڕیم، ڕاستە فرانک کاپریۆ ماڵئاوایی لە جیهان کرد، بەڵام وانەکانی بۆ هەمیشە لە ناو دڵی خەڵکدا بە زیندوویی ماوەتەوە.