ئیسرائیل وەڵامی پێشنیازی ئاگربەستی حەماس دەداتەوە

سەرەڕای پلانی داگیرکردنی تەواوی غەززە ئیسرائیل نیازی هەیە ڕێککەوتن لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس بکات
ئیسرائیل وەڵامی پێشنیازی ئاگربەستی حەماس دەداتەوە
زۆربەی میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردووەتەوە، سەرکردایەتیی ئیسرائیل گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی که خۆی بۆ وەڵامدانەوەی پێشنیازی حەماس لەبارەی ئاگربەستی غەززە ئامادە بکات.
ئەمڕۆ پێنجشەمە، زۆربەی ڕۆژنامە و میدیاکانی ئیسرائیل، لەوانە ڕۆژنامەی هائارتز ڕایانگەیاند، سەرکردایەتی وڵاتەکەیان سەرقاڵی ئامادەبوونە بۆ گفتوگۆ کردن لەسەر پێشنیازی ئاگربەستی حەماس و چاوەڕوان دەکرێت تەلئەڤیڤ لەگەڵ حەماس بگاتە ڕێککەوتنێک.
ڕۆژانامەی هائارتز لە زاری سەرکردایەتیی ئیسرائیلەوە ڕایگەیاندووە، ڕاستە لە ئێستادا بابەتی داگیرکردن و کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتی غەززە لە ئارادایە، بەڵام ئەمە نابێتە هۆی گفتوگۆ نەکردن لەگەڵ حەماس، هیوامان وایە بتوانین بگەینە ڕێککەوتنێک و ئاگربەستیان لەگەڵ ڕابگەیەنین.
سەرچاوەیەک لە سەرکردایەتیی ئیسرائیلەوە بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە، ئیسرائیل لەبەر بارمتەکانی خۆشی بووبێت کە لە لای حەماس دەستگیر کراون، هەر ناچارە گفتوگۆ بکات، چونکە گوشارێکی زۆر دەکرێت بۆ گەڕاندنەوەی بارمتەکان، ئەمە دەتوانێت کاریگەریی زۆری هەبێت بۆ گەیشتن بە دەرەنجامێکی دووو لایەنە لە نێوان ئیسرائیل و حەماسدا.