هەفتەی تەندروستی بەڕێوەدەچێت

لە چاکسازییەکان پشکنینی تەندروستی دەکرێت
لە هەرێمی کوردستان هەڵمەتێک تایبەت بە پشکنین و چارەسەرکردنی ڕاگیراوان، سزادراوان و چاودێریکردنی دۆخی تەندروستییان لەگەڵ دابینکردنی ئامێر و پێداویستی پزیشکی ئەنجام دەدرێت.
ئیحسان عەبدولڕەحمان بابان، بەڕێوەبەری گشتی چاکسازی کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هەموو ئەو کەسانەی لە ناو چاکسازییەکانن پشکنین و چارەسەری پێویستییان بۆ دەکرێت و هەڵمەتەکە یەکشەممەی داهاتوو 24\8\2025 بەڕێوەدەچێت و سەرەتا لە بەڕێوەبەرایەتی چاکسازیی ژنان و منداڵانی هەولێر ئەنجام دەدرێت و دواتریش لە چاکسازییەکانی تریش بەڕێوەدەچێت.
ئیحسان عەبدولڕەحمان گووتیشی، " بڕێکی زۆری دەرمان و ئامێری پزیشکی بۆ چاکسازییەکان دابین دەکرێت". هاوکات هەڵمەتەکە بە چاودێری خاچی سووری نێودەوڵەتی و بەهەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر و بە بەشداری سەندیکاکانی پزیشکی و ژمارەیەک کۆمپانیا ئەنجام دەدرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە بەڕێوەبەرایەتیەکانی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان لەهەر یەکێکیان بنکەیەکی تەندروستی 24 کاتژمێری هەن کە تایبەتە بە چاودێریکردنی تەندروستی ڕاگیراوان و سزادراوان.