ئیسرائیل بۆ داگیرکردنی غەززە بانگهێشتیی زیاتر لە 50 هەزار سەربازی یەدەگ دەکات

وەزیری بەرگری ئیسرائیل پلانی داگیرکردنی تەواوی کەرتی غەززەی پەسند کردوو و فەرمانی بە نزیکەی 60 هەزار سەربازی یەدەگ کرد
لە چوارچێوەی پلانی داگیرکردنی تەواوی غەززە، ئیسرائیل فەرمانی بە هەزارەها سەربازی یەدەگ کردووە.
ئەمڕۆ چوار شەممە، ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل پلانی تایبەت بە کۆنترۆڵکردنی غەززەی پەسند کردووە و فەرمانی بانگهێشتکردنی بۆ زیاتر لە 50 هەزار سەربازی یەدەگ دەرکرد کە پێویستە بۆ ئۆپەراسیۆنی داگیرکردنەکە.
ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە، ئەو سەربازە یەدەگانە لە چەند ڕۆژی داهاتوو دەست بەکار دەبن و زۆربەشیان دەستبەجێ دەبنە سەربازی چالاک، نەک تەنیا یەدەگ.
ئەمە لە کاتێکدایە، دوو ڕۆژ لەمەوبەر، بزووتنەوەی حەماس رەزامەندی بۆ پێشنیازێکی میسر بۆ ئاگربەست پیشاندا، کە تێیدا 60 رۆژی ئاگربەست، کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە بەشێکی غەززە، ئاسانکاری بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بە غەززە لەخۆ دەگرت، ئەمە جگە لە ئازادکردنی 10 بارمتە و رادەستکردنی تەرمی 18 بارمتە، لە بەرامبەردا ئیسرائیل 140 زیندانی و هەموو گیراوە ژن، کچ و خوار 18 ساڵەکان ئازاد دەکات.
بەڵام هەر دوێنێ دەستەی پەخشی ئیسرائیلی لە زاری سەرچاوەیەکەوە لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، نەتەنیاهوو پێشنیازەکەی میسڕی بۆ ڕێککەوتن ڕەتکردووەتەوە و داوای ئازادکردنی هەموو بارمتەکانی کردووە بە یەکجار و ڕایگەیاندووە، "یەک بارمتە بەجێناهێڵێت."