لەسەر پرسی مووچە شاندێکی هەرێم لەگەڵ تەیف سامی لە کۆبوونەوەدایە

بڕیاری یەکلاکەرەوە لەسەر پرسی مووچە لە کۆبوونەوەی نێوان شاندی هەرێم و تەیف سامی دەدرێت
لەبارەی پرسی مووچە و داهاتی نێوخۆی هەرێم، شاندێکی باڵای هەرێم لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لە کۆبوونەوەدایە.
کەمێک لەمەوبەر، کۆبوونەوەی شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەر یەک لە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق و محەممەد تەمیم، وەزیری پلاندانان لە دەستی پێکرد، بە گوێرەی سەرچاوەکان كۆبوونەوەی ئەمڕۆ درێژەپێدەی کۆبوونەوەکەی دوێنێیە و یەكلاكەرەوە دەبێت و كێشەی داهاتی نانەوتی مانگی شەش و مانگەكانی دواتر چارەسەر دەكرێت.
هاوکات ئەم شاندە ئاماژەی بەوە کردووە، کە 120 ملیارەكەی داهاتی نێوخۆی هەرێم ئامادەیە، بەڵام ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق، دوای چارەسەركردنی بابەتی داهاتی نانەوتی، بڕیاری ناردنی دەدرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ سێ شەممە، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێم درا، بەڵام بە سێ مەرج، ئەوانیش بریتین لە:
1- ڕادەستکردنی 120ملیار دیناری داهاتی نانەوتی.
2- تا 72 کاتژمێری دیکە کێشەی داهاتی نانەوتی چارەسەر بکرێت.
3- بە نرخی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت بکرێت.