پایتەخت

شۆڤێنیەت لەعێراقدا .. ئەنفالێكی بەردەوام

شۆڤێنیەت لەعێراقدا .. ئەنفالێكی بەردەوام
کورتە

شۆڤێنییەت دژ بەكورد لەناو عێراقدا ئەوەندە لە مێژووی كۆن و هاوچەرخدا ڕەگی داكوتاوە، بووەتە میراتێكی ڕەشی حکوومەتە چەوسێنەرەكانی ئەم وڵاتە دژ بەكورد

نووسینی: ئه‌رده‌لان دۆسكی، نووسه‌ر

 

شۆڤێنییەت دژ بەكورد لەناو عێراقدا ئەوەندە لە مێژووی كۆن و هاوچەرخدا ڕەگی داكوتاوە، بووەتە میراتێكی  ڕەشی  حکوومەتە چەوسێنەرەكانی ئەم وڵاتە دژ بەكورد، لە هەر سەردەمە و قۆناغێكدا ئەم شۆڤێنییەتە بەشێواز و بەركێكی نوێ سەرهەڵدەداتەوە، پێچەوانەی بنەما سەرەکی و نەگۆڕەکانی فەلسەفەی سیاسیی ڕابەری کورد و كوردستانییەكان مەلا مستەفا بارزانی بووە ، كە بەردەوام جەختی لەسەر برایەتیی نێوان گەلی کورد و گەلی عەرەب دەكردەوە و بەردەوامیش دەیگوت "شەڕی ئێمە لەگەڵ حکوومەتەکانی بەغدایە، نەک لەگەڵ برا عەرەبەکانمان"، دوای ئەمیش سەرۆك بارزانی هەڵگری ئەم پەیامە و بەشێكی گرنگی ستراتیژییەتی پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی بووە

تەنانەت شۆڤێنییەت لە عێراقدا بەرانبەر كورد لە جێبەجێ نەكردنی ئەو دەستوورەش بەردەوامە كە لە 2005 دا زۆرینەی كوردستانییەكان و عێراقییەكانیش دەنگیان لەسەر دا، بەمەش چارەنووسی كورد لەم عێراقە بەزۆر لێكێنراوە بەیەكەوە هەروا بووە، هاووڵاتیی كورد نەیتوانیوە دەربازی ئەو مێژووە ڕەشەی ئەنفال و كۆمەڵكوژی و جینۆساید بێت، كە لە قۆناغ و زەمەنە جیاجیاكاندا دژی كورد سەریهەڵداوە

ئەوەتا لەسەرجەم بوارەكانی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و تەنانەت گوتاری میدیایی هەڵسوكەوت و گوتاری دژ بە كورد درێژەی پێدراوە، لەكاتێكدا هێشتا ئێسك و پروسكی زۆربەی ئەنفالەكانی كورد لە بیابانەكانی عێراقدا نەگەڕێنراوەتەوە و حكوومەتی فیدراڵ داوای لێبووردنی نەكردووە و قەرەبووی قوربانییەكانی نەداوەتەوە، کەچی بڕینی مووچە و بوودجە و بژێوی ژیانی كورد و كوردستانییەكان و جێبەجێ نەكردنی ماددەی 140ی دەستووری و هەموو ماف و شایستە دارایی و سەربازییەكانی پێشمەرگە و دەیان ماف و شایستەی  دارایی دیكەی كوردستان شاهیدی بەردەوامیدانی ئەو شۆڤێنییەتەیە كە هەرجارە و بە بەرگی جیاجیادان وەكو حەرەس قەومی و بەعس و داعش و میلیشا لە یاسا دەرچووەكانی بەردەوام لە بۆسەدان بەرامبەر گەلی كوردی موسڵمانی ستەملێكراو

ئەوەتا زۆر لەو بەناو سەركردەو سیاسییانەی عەرەبی سوننە و شیعە دەیانەوێت وا نیشانی شەقامی عەرەبی بدەن كە شۆڕش و ڕاپەرین و داواكاری كورد دژی نەتەوەی عەرەبە یاخود دژی مەزهەبی شیعەكانە لەكاتێكدا ئەمە دوورە لە ڕاستییەوە

ئەوەتا سەرۆك بارزانی بەردەوام پێشوازی لە سەرۆك هۆز و كەسایەتی و ڕیش سپییەكانی ناو عەرەبەكان دەكات و تەئكید لەسەر ئەوە دەكاتەوە؛ كە تەنیا ڕێگەی چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق پابەندبوونی هەموو لایەکە بە بنەماکانی (هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان) لە چوارچێوەی دەستووردا. بۆیە لەژێر پاساوی تائیفی و پەیڕەوكردنی سیاسەتی مەزهەبگەرایی و قەومی درێژە بە سیاسەتی شۆڤێنی دەدرێت و لەباڵیشیدا درێژە بە نائارامی و ناسەقامگیری و ئازاردانی گەلانی كورد و عەرەب دەدرێت ، تەنیا لە پێناو شاردنەوەی گەندەڵی و شكستەكانی حوكمڕانییەكانیان كە گەلانی عێراقیان لە ڕیزبەندی پێشەوەی ئەو گەل و وڵاتانە هێشتۆتەوە كە ناسراون بەگەندەڵی و دواكەوتوویی و نزمی خزمەتگوزاریییەكانیان و بەرزی ڕێژەی بێكاری و هەژاری..  بۆیە بڕینی مووچە و بوودجەو شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان تەنیا درێژكراوەی سیاسەتی چەوت و جۆرێكی دیكەی ئەو شۆڤێنییەتەیە کە لە عێراقدا ڕۆڵێکی گەورەو خراپی گێڕاوە لەبەردەوامیدانی نەهامەتییەكانی عێراق و بەتایبەتی جەوسانەوەو كۆمەڵكوژی و جینۆساید بەمەبەستی سڕینەوەی ناسنامەی كورد. هەر لە گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە كوردستانییەكان و ڕاگواستنی خێزانە كوردەكان و تێكدان و شێواندنی شوێنەوارەكانی كورد و مێژوو زمانی كوردی تاوەكو شاڵاوەكانی ئەنفال و كیمیابارانی هەڵەبجەو لەسێدارەدانی گەنجانی كوردو قەتڵوعامكردنی كوردانی فەیلی و كوردانی ئێزیدی.

ئێستا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەپێناو پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی و كۆتایهاتن بەو شۆڤێنییەتەی كە هۆكاری ئەنفال و كوشتن و قاتوقڕیی بووە بۆ كوردستانییەكان و نائارامی و  ناسەقامگیری بۆ عێراقیش هێناوە نەرمێتی نوواندووە، ئەوەتا لەچەند ساڵی ڕابردوودا توانیوێتی متمانەو لێكتێگەیشتنی گەورە بۆ هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقیش بونیات بنێت، بەمەش شكستی بە شۆڤێنیەتی كەسان و هەموو ئەو گرووپ و میلیشیات و تیرۆرستانەش هێناوە كە زیانیان بۆ گەلی كوردستان و تەنانەت بە عێراقیش گەیاندووە، لەم ڕوانگەیەوە ئەركی ئایینی و نەتەوەیی و مرۆیی سەرشانی هەموو كوردستانییەكە هاوكارو پاڵپشتی سەركەوتنی ئەم ستراتیژییەت و فەلسەفەیەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بێت لە پێكەوەژیان ، كە خێرو خۆشی بۆ هەمووان هەیە و بەرهەمهێنەری پێكەوەژیانەو كۆتایهێنانی شۆڤێنیەتی ئەنفالە

17 ئاب 2025 22:58 4
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

دوایین هەواڵەکان

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025