فواد حوسێن: دادگەی فیدراڵی بۆی نییە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی هەرێمدا بکات

فوئاد حوسێن لەسەر دەستوەردانی دادگەی فیدڕاڵی لە کاروباری ناوخۆی هەرێم هاتە دەنگ
وەزیری دەرەوەی عێراق سەبارەت بە ڕادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هەولێر و بەغدا گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی کاتی، بەپێی هەموو یاسا و ڕێساکانیش بێت، دادگەی فیدراڵی بۆی نییە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی هەرێمی کوردستاندا بکات.
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەبارەی پرسی موووچە و نەوت و چەند بابەتێکەوە قسەی کرد و لەسەر پرسی مووچە ڕایگەیاند، بابەتی ڕادەستکردنی نەوت و بەستنەوەی بە مووچەوە تەنها هی ئەمڕۆ نییە، پڕۆژەیاسای بودجە کە لە سەردەمی سەرۆک وەزیران حەیدەر عەبادیدا ئامادە کرا و من بوومە وەزیری دارایی، لەو کاتەشدا پڕۆژەکە پەسەند کرا و ئاماژەی بەوە دەکرد، کە دەبێت هەرێم نەوت ڕادەست بکات و حکومەتی فیدراڵیش قەرەبووی فەرمانبەران، واتە مووچەی فەرمانبەران، بدات، واتە بەستنەوەی نەوت بە مووچەوە هەمیشە لە یاسا تایبەتەکاندا هەبووە، بەتایبەتی یاسای بودجە، جا چ ئەم یاسایە بێت یان یاساکانی پێشووتر.
فواد حوسێن لەبارەی پرسی نەوتی هەرێمیشەوە ڕایگەیاند، ئێستا لێکتێگەیشتنێکی باش هەیە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک بۆ بابەتی ڕادەستکردنی نەوت، هەرچەند ئەمە چارەسەرێکی کاتییە، بەڵام ئەم چارەسەرە تا کۆتایی ساڵە، واتە چارەسەرێکە تا کۆتایی ئەمساڵ و پشت بە دوو سەرچاوەی یاسایی دەبەستێت، ئەوانیش بریتین لە یاسای بودجەی ئێستا و بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی، کەواتە لە ساڵی داهاتوودا دەبێت بە شێوەیەکی تر چارەسەر بکرێت.
فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوەشکرد، لە یاسای بودجەی داهاتوودا تەرخانکردنێک (تخصيص) بۆ هەرێمی کوردستان هەبێت گونجاوترە و پێویستیشە، ناکرێت لە سیستمی فیدراڵیدا حکومەتی فیدراڵی دەستوەربداتە ئەوەی کام فەرمانبەر مووچە وەردەگرێت و ناوی سیانی چییە، ئەمە کاری حکومەتی هەرێمە، دەستوەردانی ئاشکرا لەم بابەتەدا ڕاست نییە، من ڕێزم هەیە بۆ بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی کە لەم بارەیەوە دەرچووە، کە لە ئەنجامی ململانێی کورد-کوردەوە بوو، ئەم ململانێیانە گواسترانەوە بۆ بەغدا و دادگەی فیدراڵی، دادگەی فیدراڵیش ئەم بڕیارەی دەرکرد، بەڵام لە ڕووی دەستووری و یاساییەوە، لە ڕاستیدا حکومەتی فیدراڵی پشکی هەرێم ڕادەستی حکومەتی هەرێم دەکات و حکومەتی هەرێم بەرپرسە لەمە.