هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی چینی بۆ هەرێمی کوردستان قەدەغە نەکراوە

بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی ھەرێمی كوردستان دڵنیای لە بەردەوامی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی چینی بۆ هەرێم دەدات
دوای دەرکردنی بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی چینی لەلایەن وەزارەتی بازرگانی عێراق، بڕیارەکە نەگەیشتووەتە هەرێمی کوردستان و هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی چینی لە دەروازە سنوورییەکانەوە بەردەوامە.
نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی ھەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، ھیچ بڕیارێكیان بەدەست نەگەیشتووە بۆ ڕاگرتن و قەدەغەکردنی ھاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی چینی، بەپێی بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیران لە هەرێمی کوردستان، تەنیا ڕێگە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی تازە دروستکراو دەدرێت و ئۆتۆمبێلی کۆن ڕێگە لێگیراوە.
هاوکات بۆ قەدەغەکردنی هاوردەکردنی هەر بەرهەمێک پێویستە عێراق بە فەرمی نووسراو ئاراستەی کوردستان بکات، بۆ قەدەغەکردنی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلیش تاوەکو ئێستا هیچ نووسراوێک نەگەیشتووەتە دەست بەرپرسان.
جێی باسە لەم ساڵانەی دواییدا هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی چینی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بە ئاستێکی زۆر زیادی کردووە، بەشێک لەو ئۆتۆمبێلانە بە دیزاین و لۆگۆ و تیابەتمەندی براندە بەناوبانگەکانی ئۆتۆمبێل کۆپی کراون و بەهۆی هەرزانی نرخیان بەراورد بە ئۆتۆمبێلی وڵاتانی دیکە، خواستێکی زۆریان لەسەرە.