ترەمپ: هیچ ڕێککەوتنێک لەسەر ئۆکراینا نەکرا بەڵام پێشکەوتن هەیە

کۆبوونەوە سێ کاژێرییەکەی نێوان ترەمپ و پووتن بەبێ رێککەوتن کۆتایی هات
دوای کۆبوونەوکەی نێوان ترەمپ و پووتین لە ویلایەتی ئەلاسکا، هەردوولا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی کورتدا جەختیان لە پێشکەوتنی بەرچاو کردەوە بەڵام هیچ ڕێککەوتنێک لەبارەی ئاگربەست لەگەڵ ئۆکراینا لە ئارادا نییە.
ئەمڕۆ شەممە، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا ڕایگەیاند، هەردوو سەرکردە گەیشتوونەتە "تێگەیشتنێک،" بەڵام هیچ کامیان وردەکاریی زیاتریان نەخستەڕوو.
هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوە کرد، کە پێشکەوتنی گەورە لە گفتوگۆ گرنگەکانیدا لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لەبارەی جەنگی ئۆکراینا بەدەستهاتووە، "لەسەر چەندین خاڵ رێککەوتن کراوە" و تەنیا "چەند خاڵێکی زۆر کەم" ماون.
دوای ئەم کۆنفڕانسە ڕۆژنامەوانییە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەلایەن شۆن هانیتی، پێشکێشکاری کەناڵی فۆکس نیوز ترەمپ پرسیاری ئەوەی لێکرا، کە چ ئامۆژگارییەکی بۆ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دەبێت؛ ترەمپ لە وەڵامدا گوتی، پێشنیازی بۆ دەکات "رێککەوتنێک بکات، ئێستا بەڕاستی ئەرکەکە لەسەر شانی سەرۆک زیلینسکییە بۆ ئەوەی کارەکە تەواو بکات"
جێی باسە بۆ پووتین، لووتکەیەک لەگەڵ ترەمپ دەرفەتێکی لەمێژینە بوو، بۆ ئەوەی هەوڵی دانوستاندن بدات لەسەر رێککەوتنێک کە دەستکەوتەکانی رووسیا بچەسپێنێت و رێگری لە هەوڵی کیێڤ بکات بۆ چوونە نێو هاوپەیمانیی سەربازیی ناتۆ.
وە رووسیا پێداگرە لەسەر ئەوەی دەبێت ئۆکراینا دەستبەرداری چوار هەرێمی دۆنێتسک، لوهانسک، زاپۆریژیا و خێرسۆن ببێت، کە لە ساڵی 2022 کۆنترۆڵی کردن. ئێستا بە هەرێمی کریمیاوە کە لە ساڵی 2014 لکاندوویەتی، 19%ی خاکی ئۆکراینا لەژێر کۆنترۆڵی رووسیادایە، واتە یەک لەسەر پێنجی خاکی ئۆکراینا لەژێر دەستی رووسیایە.