بۆچی ئەوانەی شەکرەیان هەیە لاواز دەبن

هۆکارەکانی دابەزینی کێش لە تووشبوویەکی شەکرە چین؟
پسپۆرێکی نەخۆشیەكانی هەناو و شەکرە دەڵێت، دابەزینی کێش لە نەخۆشانی شەکرەدا دەگەرێتەوە بۆ چەند هۆکارێک لەوانەش زۆرجار بەهۆی چەند نەخۆشییەک ڕوودەدات لە کاتی درووستبوونی نەخۆشی شەکرە وەک نەخۆشیەکانی غودەی چالاک و نەخۆشیەکانی هەوکردن یان نەخۆشی گەنم و نەخۆشی رۆماتیزمە.
هۆکارەکانی دابەزینی کێش لە تووشبوویەکی شەکرە ئەمانەن:
یەكەم- نەبوونی ئەنسۆلینی پێویست یاخود نا چالاکی ئەم هۆڕمۆنە، بە هۆی ئەمەش ئەندامەکانی جەستە ناتوانن شەکرەی ناو خوێن بەکاربهێنن و جەستە دەستدەکات بە تێکشکاندن و بەکارهێنانی چەوری.
دووەم- دابەزینی کێش لە نەخۆشانی شەکرەی جۆری 2 دەگەرێتەوە بۆ بەکارهێنانی چەند حەبێکی شەکرە وەک مێتفۆرمین یان چەند جۆرێکی تری حەبی شەکرە.
سێیەم- ئەگەر کەم خوێنی و دابەزینی کێشی زۆر بەتایبەتی لە کەسانی جگەرەکێش پێویستە پشکنینی زیاتری بۆ بکرێ بۆ دڵنیا بوون لە نەخۆشی شێرپەنجە.
چوارەم- ئەو کەسانەی شەکرەکەیان بەرزە و بڕیار ئەدەن پارێزیەکی زۆر قورس و سەخت بکەن ئیتر هیچ شتێک نەخۆن لەپێناوی ئەوەی شەکرەکەیان کۆنتڕۆڵ بێت، لەوانەیە کێشی جەستەیان زۆر بە خراپی دابەزێت.