ئێران چۆن لە ماوەی 40 رۆژدا دوو ملیار دۆلار لە عێراق دەباتە دەرەوە؟

ئێران لە عێراق راست و چەپ کەوتووەتە ناو و خەریکە ملیاران دۆلار لە عێراق دەباتە دەرەوە
ڕێوڕەسمی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن لە کەربەلا بەڕێوەدەچێت و بە گوتەی بەڕێوەبەری کۆنتڕۆڵ و چاودێریی هاتووچۆ لە ئێران تا ئێستا زیاتر لە 5 ملیۆن و 700 هەزار زیارەتکار لە ئێرانەوە سەردانی عێراقیان کردووە، میدیای ئێران ئینتەرناشناڵ لە زاری بانکەکانی ئێرانەوە ئاشکرای کردووە، حکومەتی ئێران تا ئێستا بڕی 280 ملیۆن دۆلاری بە تومەن و دینار بۆ ئەو زیارەتکارانە خەرج کردووە، تاوەکو لە ڕێوڕەسمەکەدا بەشداری بکەن.
هەموو ئەمانە بۆ یەک مەبەست کراوە ئەویش بۆ بەدەستهێنانی دۆلاری ئەمریکیی کاش و بردنەوەی بۆ ناو ئێران بووە، چونکە ئێران بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە گرفتی دابینکردنی دۆلاری بەشێوەی کاش هەیە، شارەزایەکی ئابووریی ئێران کە نەیویست ناوی ئاشکرا بێت، تایبەت بە پایتەخت میدیا ڕایگەیاند، لە ماوەی ڕێوڕەسمی ئەربەعیندا زیارەتکارانی ئێرانی بڕی 2 ملیار دۆلار پارەیان لە عێراقەوە بۆ ناو ئێران گواستووەتەوە، بەشێک لە ئەوان دینار و تومەنی ئێرانیان لەگەڵ خۆیان هێناوەتە عێراق و بە ناوی زیارەتکردنەوە گۆڕیویانەتەوە و دواتر لەگەڵ خۆیان بردوویانەتەوە.
ئەو سەرچاوەیە بە پایتەختی ڕاگەیاند، ئەم هەوڵەی زیارەتکارانی ئێرانی بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و ئاستەنگی لە دەستخستنی دۆلار لە شارەکانی نەجەف، کەربەلا و بەغداش دروست کردووە، چاوەڕوان دەکرێت لە هەفتەی داهاتوو بەولاوە نرخی دۆلار و دابینکردنی لە بازارەکانی عێراقدا ئاسایی ببێتەوە.