شاسوار عەبدولواحید لە نێو زیندانەوە: سوپاسی مامەڵەی هێزە ئەمنییەکان دەکەم

شاسوار عهبدولواحید ڕایگهیاند، مامەڵەکردنی هێزە ئەمنییەکان و پۆلیس لەگەڵمدا زۆر باش بووە و سوپاسییان دەکەم و ڕێزم دەگرن هیچ کێشەیەکم نەبووە
دوای ئەوەی شەوی 12ــی ئەم مانگە سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەلایەن پۆلیسی سلێمانییەوە دەستگیر کرا، گوتەبێژی دەستەی مافی مرۆڤ پەیامی شاسوار عەبولواحید لە نێو زیندانەوە دەگەیەنێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە سلێمان موحسین، گوتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان سەبارەت بە سەردانیکردنەکەیان بۆ لای شاسوار عەبولواحید بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، دۆخی تەندروستی ئاساییە بووە و هیچ کیشەیەکی نەبووە، شوێنی مانەوەکەی لە ژوورێکی تایبەتیان لە نێو زینداندا بۆ تەرخانکردووە.
سلێمان موحسین دەربارەی مامەڵەکردنی هێزە ئەمنییەکان بەرامبەر شاسوار عەبولواحید ئاشکرای دەکات، پێی گووتین مامەڵەکردنی هێزە ئەمنییەکان و پۆلیس لەگەڵمدا زۆر باش بووە و سوپاسییان دەکەم و ڕیزم دەگرن هیچ کێشەیەکم نەبووە.
گوتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ پەیامی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەگەیەنێت، پێی گووتین با کونسوڵەکان ئاگادار بکرێنەوە لەبارەی دەستگیرکردنەکەم.
شاسوار عەبدولواحید دەربارەی هۆکاری دەستگیر کردنەکەی بە دەستەی مافی مرۆڤی گوتووە، بابەتەکە تەنیا سیاسییە و چونکە هەڵبژارد نزیکە و شوێنی ماڵەوە و ئیشکردنم دیار بووە.
سلێمان موحسین سەبارەت بە سەردانیکردنی خێزانەکەی بۆ لای جەخت لەوەدەکاتەوە، دوێنی خێزانەکەی سەردانیکردوون کەلوپەلی پێویستیشیان بۆ بردووە.
بە فەرمانی دادوەر شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە 12ــی 8ــی2025 کاتژمێر 10ــی شەو لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی سلێمانی دەستگیر کرا.