تەنیا لە ماوەی چلەی ئیمام حوسێن 44 هەزار سەرپێچی تیژڕەوی تۆمارکراون

لە ڕێگەی ئامێرەکانی ڕادارەوە کە لەسەر ڕێگا نێودەوڵەتییەکان دانراون، نزیکەی 44 هەزار سەرپێچیی تیژڕەوی لە ماوەی زیارەتە ملیۆنییەکەدا تۆماركراون
بەهۆی زیادکردنی ژمارەی ئامێرەکانی ڕادار ئەمساڵ لە عێراق ژمارەی سەرێچی هاتووچۆ بە ڕێژەی 50% زیادی کردووە.
ئەمڕۆ پێنج شەممە عەمید میقداد میری، گوتەبێژی فەرمی لیژنەی باڵای ئەمنی عێراق ڕایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆ، لە ڕێگەی ئامێرەکانی ڕادارەوە کە لەسەر ڕێگا نێودەوڵەتییەکان دانراون، نزیکەی 44 هەزار سەرپێچیی تیژڕەوی لە ماوەی زیارەتە ملیۆنییەکەدا تۆمارکردوون.
ناوبراو جەختیشی کردووەتەوە، لیژنەکە ژمارەی سەرپێچییەکانی لە ماوەی زیارەتی ئەمساڵ بە ڕێژەی 50% زیادیکردووە بەراورد بە زیارەتی ڕابردوو، واتە دوو هێندەی ئەو سەرپێچییانەی کە ساڵی ڕابردوو تۆمارکرابوون، ئەمەش لە ئەنجامی زیادکردنی ژمارەی ئامێرەکانی ڕادارە لە ئەمساڵدا بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشوو.
جێی باسە یادی چلەی ئیمام حوسێن یەکێکە لە گەورەترین بۆنە ئایینییەکانی موسڵمانانی شیعە مەزهەب لە جیهاندا کە 40 ڕۆژ دوای عاشورا لە کەربەلا بەڕێوەدەچێت، ئەمساڵیش عێراق پێشوازیی لە 4 ملیۆن و 100 هەزار زیارەتکار و شاند لە 140 ڕەگەزنامەی جیاواز کردووە.