تایبەتمەندییەکانی ئەو بنکە سەربازییەی ترەمپ و پووتن تێیدا کۆدەبنەوە چین؟

کۆبوونەوەکەی نێوان پووتین و ترەمپ لە بنکەیەکی سەربازی ئەلاسکا بەڕێوەدەچیت
وا بڕیارە سبەی هەینی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی ڕووسیا لە ویلایەتی ئەلاسکا لە بارەی جەنگی ئۆکراینا کۆببنەوە، بەڵام بە دیاریکراوی ئەو شوێنەی کە لێی کۆدەبەنەوە، بنکەیەکی سەربازییە بە ناوی "ئێلمندۆرف ڕیچاردسۆن"، لە ئەنکۆرەیج لە ئەلاسکا، دامەزراوەیەکی سەربازیی ستراتیژییە و چەندین رەهەندی مێژوویی، جوگرافی و ئەمنی لەخۆدەگرێت.
پێگەی یو ئێس ئەی تودەی بڵاوی کردەوە، بنکەی هێزی ئاسمانی ئێلمندۆرف و بنکەی سوپای فۆرت ڕیچاردسۆن لە ساڵی 2010 دروستکراوە، ڕۆڵێکی ستراتیژی و سەرەکی لە چاودێریکردنی چالاکییە سەربازییەکانی یەکێتی سۆڤیەت لە جەنگی سارددا گێڕاوە، هاوکات ئەم بنکەیە هێشتا چاودێری فڕۆکە ڕووسییەکان دەکات کە لە ئاسمانی ئەمریکا دەسوڕێنەوە و ئەمەش بووەتە جێگای گومان کە بۆچی ئەم کۆبوونەوەیە لەم شوێنە ئەنجام دەدرێت.
هاوکات کاتێک ترەمپ لە ساڵی 2019 سەردانی بنکەکەی کرد، گوتی سەربازانی ئەوێ: "لە دوا سنووری وڵاتەکەمان وەک یەکەم هێڵی بەرگریی ئەمریکا خزمەت دەکەن."، زیاتر لە 30،000 کەس لەم بنکەیەدا دەژین، کە دەکاتە نزیکەی %10ی دانیشتووانی شاری ئانکۆرەیجی ویلایەتەکە، ئەمڕۆش بەهۆی پێگە ستراتیژییەکەی و ئاسانکارییەکانی مەشق و راهێنانەوە، بنکەکە بەردەوامە لە گەشەکردن و گەورەترین بنکەی سەربازیی ئەلاسکایە.
لەلایەکی دیکەوە، تا ئێستا هۆکاری بەشداری نەکردنی ڤلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە کۆبوونەوەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، تا ئێستا پووتین ڕازی نەبووە و چەند مەرجێکی داناوە، کە تا زێلێنسکی پێیان ڕازی نەبێت لەگەڵی کۆنابێتەوە، ئەوانیش دەبێت رۆژهەڵاتی وڵاتەکە، كە ناوچەیەکە بە هەرێمی دۆنباس ناسراوە، رادەستی ڕووسیا بکاتەوە، لەگەڵ دەستبەرداری نیمچەدوورگەی کریمیا بێت کە لە 2014ـەوە ڕووسیا کۆنتڕۆڵی کردووە، لە کاتێکدا زێلێنسکی دەستبەرداربوونی خاکی وڵاتەکەی بەهەموو شێوەیەک ڕەت کردووەتەوە.