بەڕێوەبەری نوێی پۆلیسی هەولێر دەستبەکار بوو

گۆڕانکاری لە پۆستی بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر کرا
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر گۆڕا و عەمید کامیل محەممەد لە شوێنی عەمید شوان عارەب دەستبەکار بوو.
ئەمڕۆ پێنجشەمە، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو پاریزگاری هەولێر، لیوا تارق ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان و هێمن میرانی بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، هەروەها چەندین ئەفسەر و پلەداری باڵای حکومەتی هەرێم، بە شێوەی فەرمی عەمید کامیل محەممەد باقر وەکو بەڕێوەبەری نوێی پۆلیسی هەولێر دەستنیشان کرا.
لە ڕێوڕەسمەکەدا ئامادەبووان دەستخۆشیان لە عەمید شوان عارەب بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی هەولێر کرد، کە خزمەتی بە پاراستنی ئارامیی هەولێر کردووە و ڕۆڵی باشی لە چارەسەر کردنی کێشە و گرفتەکاندا هەبووە، هاوکات هیوای سەرکەوتنیشیان لە ئەرک و بەرپرسیارێتییەکان بۆ عەمید کامیل محەممەد خواست.
جێگای باسیشە، کە وەزارەتى ناوخۆ، پارێزگاى هەولێر، بەڕێوەبەرایەتى گشتیى پۆلیس بۆ بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى هەولێر جەختیان لەوە کردەوە، کە پشتیوانی پۆلیسی هەولێر دەبن لە بەرقەرار کردنی ئارامی و ئاسایشی تەواو لە پارێزگای هەولێردا.