جەدعۆن ساعر: چارەسەری دوو دەوڵەتی بۆ ئیسرائیل خۆکوژییە

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بە هەموو شێوەیەک چارەسەری دوو دەوڵەتی ڕەت دەکاتەوە
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل داوا لەو وڵاتانەی دان بە دەوڵەتی فەڵەستین دا دەنێن، با لە نێو خاکەکەی خۆیان دەوڵەتی فەڵەستین بنیاد بنێن.
جەدعۆن ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی نیوزماکسی ئەمریکی ڕایگەیاند، قبوڵکردنی دەوڵەتی فەڵەستینی بە مانای خۆکوژی دێت ئیسرائیل، بەتایبەت دوای ئەوەی کە ئیسرائیل لە کەرتی غەززە کشایەوە و لە ئەنجامدا "تۆڕێکی زەبەلاحی تیرۆر" سەریهەڵدا.
ناوبراو ڕاشیگەیاند، قبووڵکردنی دەوڵەتی فەڵەستینی ڕاستە چارەسەرە، بەڵام بۆ کێ؟ بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت ئێمە لە نێو ببەن، ئێمە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەین ئەمە ڕووبدات.
بۆ ئەو وڵاتانەشی کە دان بە دەوڵەتی فەڵەستینی دادەنێن و خوازیاردن لە داهاتوودا دەوڵەتێکی فەڵەستینی پێکبهێندرێت، وەک کەنەدا و فەڕەنسا، جەدعۆن ساعر گووتی: " با ئەو وڵاتانە بچن دەوڵەتێکی فەڵەستینی لە نێو خاکەکەکی خۆیان درووست بکەن، ئەوان شوێنیان زۆرە، بەڵام لە خاکی ئیسرائیل ئەمە ڕوونادات.