لە چین گەنجان پارەدەن بەس بۆ ئەوەی کاریان بەبێ مووچە دەست بکەوێت

بەهۆی بەرزی ڕێژەی بێ کارییەوە گەنجان لە چین پارە بە خاوەن کار دەدەن بەس بۆ ئەوەی لە ئۆفیس دابنیشن
لە چین وردە وردە گەنجانی بێ کار پارە بە کۆمپانیاکان دەدەن بۆ ئەوەی تەنیا بتوانن لە ئۆفیس دابنیشن و وای نیشان بدەن کە خاوەنی کاری ڕاستەقینەن.
بەگوێرەی هەوڵی میدیا چینییەکان، لەم دوایانادا دیاردەی پێدانی پارە بە خاوەن کار لەلایەن گەنجانەوە، تەنیا بۆ ئەوەی دەری بخەن خاوەن کارن، ڕووی لە زیاد بوون کردووە، بە تایبەتی بەهۆی ئەوەی وڵاتەکە گەشەی ئابووری خاو بووەتەوە و ڕێژەی بێ کاری لە نێو گەنجانیشدا هەر لە 14% ماوەتەوە.
بۆ هەندێک لە گەنجان، ئەم جۆرە کارە خەیاڵییانەیان پێ باشترە لەوەی لە ماڵەوە بێ ئیش دابنیشن، تەنانەت ئەگەر پێوست بکات پارەش بدەن.
بۆ نموونە، ساڵێک لەمەوبەر، گەنجێکی 30 ساڵان بەناوی "شو ژۆ" لە شاری دۆنگوان خاوەن بزنسێکی ئامادەکردنی خواردن بوو بۆ ئاهەنگ، بەڵام دوای ئەوەی بزنسەکەی شکستی هێنا، هەڵسا بە پێدانی 3.60 یۆرۆ ڕۆژانە بە کۆمپانیایەک، بەس بۆ ئەوەی لە ئۆفیس لە بەردەم کۆمپیوتەرێک دابنیشێت و وا بنوێنێت کە خاوەن کارێکی ڕاستەقینەیە.
لە بەرامبەردا، چەندین کۆمپانیا لە شارە سەرەکییەکانی چین تایبەت بەم دیاردەیە دروستکراون، نرخی بەشداریکردنیش لە بۆ هەر ڕۆژێک لە نێوان 4 بۆ 7 دۆلاری ئەمریکییە.