هاووڵاتی هیچ بڕە پارەیەک بۆ هەڵکردنی مۆلیدەکان نادات

مۆلیدە ئەهلییەکان کاریان پێدەکرێت لەبەرامبەر هەڵکردنەکەش هاووڵاتی هیچ بڕە پارەیەک نادات
پڕۆژەی ڕووناکی تەواوی سەنتەری شاری هەولێری ڕووناککردووەتەوە و ئەوکاتەی بە شێوەی کاتیش کارەبا بکوژێتەوە، مۆلیدە ئەهلییەکان کاریان پێدەکرێت لەبەرامبەر هەڵکردنەکەش هاووڵاتی هیچ بڕە پارەیەک نادات.
ئەمڕۆ دووشەممە خۆران تەحسین، سەرۆکی ئەنجوومەنی مۆلیدە ئەهلییەکانی هەولێر سەبارەت بە گرێبستی خاوەن مۆلیدەکان بە پایتەخت میدیای راگەیاند، لەکاتی دانانی کارەبای 24 کاتژمێری گرێبەست لەگەڵ خاوەن مۆلیدەکان کراوە، لە هەر ئەگەری کوژاندنەوەی کارەبا بە شێوەی کاتی مۆلیدەکان کاریان پێبکرێت.
سەبارەت بە پابەندنەبوونی خاوەن مۆلیدەکان بە گرێبەستەکە گووتی، لەلایەن قائیمقامیەتی هەولێر سزای دارایی دەدرێت و گرێبەستەکەشی لەگەڵ هەڵدەوەشێندرێتەوە.
خۆران تەحسین لەکاتی پێنەکردنی مۆلیدەکان هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە، پەیوەندی بە ژمارەکانی ئەنجوومەنی مۆلیدە ئەهلییەکان و پڕۆژەی ڕووناکییەوە بکەن.
سەبارەت بە پێدانی پارە لەکاتی پێکردنی مۆلیدەکان بەشێوەی کاتی جەخت لەوەدەکاتەوە، لەکاتی کوژاندنەوەی پڕۆژەی ڕووناکی بەشێوەی کاتی مۆلیدەکان پێدەکرێن، بەڵام هاووڵاتیی هیچ بڕە پارەیەک نادات لەبەرامبەردا و حکومەت خۆی پارەکە دەدات.