عێراق پێویستە پڕۆژەی ڕووناکی بۆ هاووڵاتییان دابین بکات

لە کاتژمێر 3ــی ئەمڕۆوە کارەبای نیشتیمانی لە سەرتاسەری عێراق کوژاوەتەوە
لە کاتژمێر 3ــی ئەمڕۆوە کارەبای نیشتیمانی لە سەرتاسەری عێراق کوژاوەتەوە و عەزیز ئەحمەد پێشنیاز دەکات بە دانانی پڕۆژەی ڕووناکی بۆ سەرتاسەری عێراق.
ئەمڕۆ دووشەممە عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس دەربارەی کوژاندنەوەی کارەبا لە عێراق بڵاویکردەوە، لە داهاتووشدا ئەم کێشەیە لە عێراق بەردەوام دەبێت تاوەکو چارەسەری ڕیشەیی کێشەکانی خواست و بەڕێوەبردنی باری کارەبا و بەفیڕۆچوونی کارەبا نەکرێت.
هاوشێوەی کارەبا 24 کاتژمێرییەکەی هەرێمی کوردستان پێشنیاز بۆ عێراق دەکات، پڕۆژەی ڕووناکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامانجیەتی ئەمە چارەسەر بکات بە هاندانی هاووڵاتییان بۆ بەکارهێنانی بەرپرسیارانە، کۆنترۆڵکردنی خواست و دانانی نرخە نوێکانی کارەبا.
عەزیز ئەحمەد جەختی لەوەشکردەوە، عێراق بژاردەیەکی تری لەبەردەمدا نییە و پێویستە هەمان ڕێچکەی هەرێمی کوردستان بگرێتەبەر.
دەربارەی ئامدەیی هاوکاریکردن لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ عێراق گووتی، ئامادەین هاوکاربین لە چارەسەرکردنی ئەم کێشە درێژخایەنە، وەک چۆن ئێستا لە هەرێمی کوردستان چارەسەرمان کردووە.
لە کۆتایی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە پەیوەندیدایە لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ بۆ پاڵپشتیکردن و یارمەتیدانیان لەڕووی هونەرییەوە بۆ ئەوەی بەزووترین کات کارەبا بگەڕێننەوە.