پایتەخت

پلانەکەی ئیسرائیل بۆ داگیرکردنی غەززە چییە؟ 

پلانەکەی ئیسرائیل بۆ داگیرکردنی غەززە چییە؟ 
کورتە

پلانەکەی نەتەنیاهوو بۆ داگیرکردنی کەرتی غەززە ئاشکرا بوو

 

قەیرانی برسییەتی و بەدخۆراکی لە غەززە بەردەوامە و ئیسرائیلیش پلانی هەیە لە ماوەیەکی کەمدا ئەو ناوچەیە داگیر بکات، هاوکات چەندین وڵاتیش داوا دەکەن، کە شەڕ کۆتایی پێبێت و دۆخی غەززە ئارامتر بێتەوە. 

لەگەڵ بەرەوپێشچوونی گۆڕانکارییەکان لە سەرانسەری جیهان، دۆخی غەززەش تا دێت کارەساتبارتر دەبێت، لە لایەک نەبوونی خواردن و دەرمان وایکردووە، کە ڕۆژانە چەندین کەس گیان لەدەست بدەن و لە لایەکی دیکەشەوە بڵاوبوونەوەی زیاتری نەخۆشییەکان و نەبوونی دەوا و دەرمان تەنگی زیاتری بە دانیشتووانی ئەو ناوچەیە هەڵچنیوە، جیا لەمانەش ئیسرائیل پلانی هەیە لە ماوەیەکی کورتدا بە یەکجاری غەززە داگیر بکات و کۆتایی بە هەموو شتێک بهێنێت. 

بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەم ماوەیەدا پلانێکی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، کە سوپای وڵاتەکەی دەیەوێت بە یەکجاری غەززە داگیر بکات، ئەم بابەتە هەر زوو بووە جێگای گەنگەشە و مشتومڕ، تەنانەت لە ناو خودی وڵاتی ئیسرائیل و کابینەی حکومەتیشدا کاردانەوەی لێکەوتەوە، بەڵام میدیاکانی ئیسرائیل لایەنێکی دیکەی ئەم پلانەیان ئاشکرا کردووە و بڵاویان کردووەتەوە، کە پلانی داگیرکردنی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە لانیکەم ماوەی شەش مانگ دەخایەنێت و تێچوویەکی یەکجار زۆریشی بۆ تەلئەڤیڤ دەبێت. 

میدیاکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە، تەلئەڤیڤ بەنیازە لە قۆناغی یەکەمدا بە زۆرەملێ و گوشار زیاتر لە 800 هەزار کەس لە خەڵکی غەززە بۆ ناوچە ئارامەکانی کەرتەکە بگوازێتەوە، ئەو پڕۆسەیەش زیاتر لە مانگ و نیوێک دەخایەنێت، لەو ئۆپەراسیۆنەدا فیرقەیەکی سوپای ئیسرائیل ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت و زیاتر لە 5 فیرقەی دیکەی سەربازیش یارمەتیدەر دەبن، ئۆپەراسیۆنەکە لە پشتێنەیەکی زەمینی پێکدێت و هێرشەکەیان لە ڕۆژانی داهاتوودا دەستپێدەکەن. 

پلانەکەی ناتانیاهۆ بێ پشت بەستن بە سەرچاوەکانی حکومەت نەبووە، بەپێی زانیارییەکان پلانەکە بە ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیسرائیل، سەرۆکی دامەزراوە ئەمنییەکانی وەکو سەرۆک ئەرکان و سەرۆکی دەزگای مۆساد و هەروەها سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل بووە. 

هەرچۆنێک بێت ئیسرائیل بڕیاری یەکلاکەرەوەی خۆی بۆ داگیرکردنی غەززە داوە و لەم نێوانەدا وڵاتانی ئەرووپی و ڕۆژئاوایی بێدەنگن  ئەگەر بەمشێوەیە پڕۆسەکە بەردەوام بێت، ئەگەری هەیە لە ماوەی داهاتوودا، ناوێک بە ناوی غەززە نەمێنێتەوە و بە یەکجاری کۆتایی بە دۆخەکە بهێنرێت.

10 ئاب 2025 16:55
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025