ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان سوورە لەسەر دەستلەکارکێشانەوەکەی و بە هیچ جۆرێک لە بڕیارەکەی پاشگەز نابێتەوە.
کەمێک لەمەوبەر هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، دوای ئازادکردنی بەڕێوەبەری خانووبەرەی میریی سلێمانی، وەزیری دارایی سوورە لەسەر دەستلەکارکێشانەوەکەی و پاشگەز نابێتەوە، چونکە ئەمە بابەتێکی سیاسییە.
هونەر جەمال ئاماژەی بەوە کرد، ماوەی دوو هەفتەیە وەزیری دارایی واژۆی لەسەر هیچ نووسراوێک نەکردووە و تاوەکو ئێستا ئەنجوومەنی وەزیرانیش وەڵامی نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی نەداوەتەوە.
سەبارەت بە ئەگەری دروستبوونی ئاستەنگ بۆ پرۆسەی هاتنی مووچە، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی ڕوونیکردەوە، تاوکو ئێستا بەهۆی نەبوونی وەزیر مەترسی لەسەر هاتنی مووچە هەیە بەڵام بۆ داهاتوو دیار نییە.
ئاوات شێخ جەناب، پێش پێشکەشکردنی نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی، سەرجەم کارە پێویستەکانی تاوەکو 29ی ئەیلولی 2026 جێبەجێ کردووە، لەوانەش واژۆکردنی ناردنی لیستی مووچەی مانگی ئەیلول.
شایەنی باسە، هۆکاری سەرەکیی دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری دارایی بۆ دەستوەردانی نەرێنیی ئیدارەی سلێمانی لە کاروباری فەرمانگەکانی سەر بە وەزارەت دەگەڕێتەوە.
پایتەخت میدیا زانیویەتی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان هیچ جێگرێکی نییە کە بتوانێت لە کاتی دەستلەکارکێشانەوە ئەرکەکانی جێبەجێ بکات، ئەمەش بۆتە هۆی پەککەوتنی واژۆکردنی نووسراوە فەرمییەکان لە وەزارەتدا.