حکومەتی عێراق و بانکی ناوەندی پلانێکی تۆکمەیان ئامادە کردووە تاوەکو نرخی دۆلار لە بازاڕی ڕەشدا بگەیەننە 155 هەزار دینار.

 

ئەمڕۆ حەیدەر عەبودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕایگەیاند، ئەم هەنگاوە پشت بە یەدەگێکی دارایی پێویست و مسۆگەر لە بانکی ناوەندی دەبەستێت، کە دەبێتە پاڵپشتییەکی بەهێز بۆ دابینکردنی پارەی بازرگانیی دەرەکی و پێداویستییەکانی هاوردەکردن بە شێوەیەکی ئاسان و ڕێکخراوە.

 

سەبارەت بەو حەواڵانەی پێش جێبەجێکردنی نرخی فەرمیی ئێستا ئەنجام دراون، گوتەبێژی حکومەت ڕوونیکردەوە، پارەی پێویست لەسەر بنەمای نرخی پێشوو بۆ ڕاییکردنیان و جێبەجێکردنی پابەندبوونە داراییەکان دابین کراوە تاوەکو ئاسەواری نەگەڕێتەوە سەر بازاڕ.

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانی حەیدەر عەبودی هاتووە، کە ئەنجوومەنی وەزیران لە دانیشتنی خۆیدا بڕیاری داوە بە بەخشینی تەواوی ماددە خۆراکییەکان و دەرمانە هاوردەکراوەکان لە ڕسووماتی گومرگی، هەروەها ئەم بڕیارەش لە 7ی تشرینی یەکەمی 2026وە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە تاوەکو بارگرانی لەسەر شانی هاووڵاتییان کەم بێتەوە.

 

ئەم ڕاگەیاندنەی حکومەت لە کاتێکدایە، لە ئێستادا نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا سەقامگیر نییە و بە 166 هەزار دیناردا مامەڵەی پێوە دەکرێت.