دوا وادەی تۆمارکردنی منداڵان لە باخچە و قوتابخانە حکومییەکان دیاریکرا

وەزارەتی پەروەردە ئاگادارییەکی گرینگ لەبارەی ناو تۆمارکردنی منداڵان لە قوتابخانە حکومییەکان بڵاوکردەوە
وەزارەتی پەروەردە ئاگاداری دایک و باوکان دەکاتەوە کە وادەی ناو تۆمارکردنی منداڵەکانیان لە قوتابخانە حکومییەکان درێژ ناکرێتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ڕۆژی چوارشەممەی هەفتەی داهاتوو، کە دەکاتە 20-8-2025 دوا وادەیە بۆ ئەوەی منداڵەکانتان لە باخچە و قوتابخانە حکوومییەکان تۆمار بکەن.
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکدا هاتووە، تۆمارکردنی ناو دوای ئەم وادەیە درێژ ناکرێتەوە، چونکە ناوەندەکانی خوێندن کار لە سەر رێکخستنەوەی میلاکی مامۆستایان و تۆمارکردنی قوتابییان لە سیستمی ئی - پەروەردە دەکەن و هۆبەکانی خوێندن جیا دەکەنەوە.
تێبینییەکیش دراوە لەبارەی ئەو قوتابییانەی ناویان تۆمارکردوە لەو ناوەندانەی خوێندن، کە بەشێوازی تیروپشک کاردەکەن لە وەرگرتنی قوتابییان، کە دوای ئەنجامدانی تیروپشک ئەگەر وەرنەگیران، مافیان هەیە لە قوتابخانەی سنووری جوگرافی خۆیان ناویان تۆمار بکەن.