ئێران زانا ئەتۆمییەکانی دەشارێتەوە

لە ترسی کوژرانی زانایەکانیان، ئێران لە شوێنی پارێزراو دەیانشارێتەوە
ئێران زانا ئەتۆمییەکانی دەشارێتەوە
لە شەڕی 12 ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیلدا ژمارەیەکی بەرچاو لە زانایانی ئەتۆمیی ئێران کوژران، حکومەتی ئێرانیش لە ئێستادا و لە ترسی تیرۆرکردنیان، زانا ئەتۆمییەکانی دیکەی وڵاتەکەی لە شوێنی پارێزراو شاردووەتەوە.
بەرپرسێکی باڵای حکومەتی ئێران بە رۆژنامەی تێلگرافی ڕاگەیاندووە، ئەو زانا ئەتۆمییانەی لە دوای شەڕی ئێران و ئیسرائیلەوە زیندوو ماونەتەوە، گوازراونەتەوە بۆ شوێنی پارێزراو لە تاران یا شارەکانی باکووری ئێران و لەگەڵ بنەماڵەکانیان لە ڤێللاکاندا دەژین، ئەوانەی لە زانکۆکان مامۆستا بوون، کەسی دیکە لە جێگایان دانراوە، کە هیچ پەیوەندییەکیان بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانەوە نییە.
بەرپرسێکی باڵای دیکەی ئێرانیش بە ڕۆژنامەی تێلگرافی ڕایگەیاندووە، پێشتر یەکەیەکی سوپای پاسداران بەرپرسی چاودێری و پاراستنی زانا ئەتۆمییەکان و فەرمانبەرانی کەرتی ئەتۆمیی ئێران بوو بەڵام ئێستا بە هۆی نەمانی متمانە و ترس لە دزەکردنی سیخوڕەکانی ئیسرائیل، چەندین دامەزراوەی ئەمنی پێکەوە بۆ ئەم مەبەستە لە هەماهەنگی و ئامادەکاریی تەواودان.