شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق دڵنیایی بە هاووڵاتییان دەدات، کە پرسی بەهای دۆلار دۆسیەیەکی تەواو دارایی و ئابوورییە و بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بە ئەرکی هێزە ئەمنییەکانەوە نییە.

 

ئەمڕۆ شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بەپێی ڕێنماییەکانی عەلی زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان پرسی نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار بابەتێکی تەواو دارایی و ئابوورییە و ناچێتە چوارچێوەی ئەرکە ئەمنییەکانەوە.

 

لە بەشێکی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەهای دراوە بیانییەکان بەپێی یاساکانی بازاڕ تەنیا لە دەسەڵاتی لایەنە دارایی و بانکی ناوەندیی عێراقەوەیە.

 

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق باسی لەوە کرد، هیچ بڕیار و ڕێنماییەک بۆ هێزە ئەمنییەکان نەدراوە تاوەکو دەست وەربدەنە جووڵەی بازاڕ یان دەستکاریی نرخی ئاڵوگۆڕ بکەن، بەڵکو ئەرکی هێزە ئەمنییەکان تەنیا لە جێبەجێکردنی یاسا و بڕیارە فەرمییەکانی دادگا دەبێت لە کاتی روودانی سەرپێچیی ڕووندا.

 

لە کۆتاییدا شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق داوا لە بازرگانان و هاووڵاتییان دەکات، بە شێوەیەکی ئاسایی بەردەوام بن لە چالاکییە بازرگانییە یاساییەکانی خۆیان.