ترەمپ و پوتین کات و شوێنی کۆبوونەوەکەیان دیاریکرد

لەبارەی تاوتوێکردنی پرسی جەنگی ئۆکراینا، ترەمپ و پووتین کۆبوونەوەیەکی جددی دەکەن
دوای هەفتەیەک لە جموجۆڵی دیپلۆماسیی چڕ و دانوستاندنی پشت پەردە، بە فەرمی ڕاگەیەندرا کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی ڕووسیا ڕۆژی هەینی، 15ی ئابی 2025، لە ویلایەتی ئالاسکا کۆدەبنەوە، کە ئەم دیدارە چاوەڕوانییەکی زۆری لێدەکرێت و بە ئامانجی سەرەکیی تاوتوێکردنی ڕێگاکانی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا ئەنجام دەدرێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە سۆشیال تروز ڕایگەیاند کە ئەم هەفتەیە لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە ئالاسکا کۆ دەبێتەوە و دوای ئەم هەواڵە، کۆشکی کریملن لەسەر زاری یوری ئوشاکۆڤ، نەک هەر هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە، بەڵکو هەڵبژاردنی شوێنەکەشی بە لۆژیکی ناوبرد، چونکە ڕووسیا و ئەمەریکا لە ڕێگەی گەرووی بێرینگەوە دراوسێی یەکترن.
ئەم لووتکەیە لە کاتێکدایە کە ئیدارەی ترەمپ ،فشارەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا زیاد کردووە، ئەم دیدارەش دوای سەردانی ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری تایبەتی ترەمپ بۆ مۆسکۆ دێت کە لەگەڵ سەرۆکی رووسیا کۆبوویەوە و لە دیدارەکەیان، باسیان لە نەخشەڕێگایەکی ئەگەریی ئاشتی کردووە، هاوکات بەپێی چەندین سەرچاوە و لەوانە بۆلۆمبێرگ، ئاماژە بەوە دەکرێت کە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆی ترەمپ و پووتین، میکانیزمەکانی ئاگربەست و چارەنووسی ئەو ناوچانە دەبن کە لەژێر کۆنترۆڵی ڕووسیادان، کە ئەمەش بابەتێکی زۆر هەستیارە بەلای ئۆکرایناوە.
لەم نێوەندەدا، کیێڤ بە نیگەرانییەکی قووڵەوە چاودێریی دۆخەکە دەکات، بەتایبەت کە پێشتر ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکڕاینا هۆشداریی دابوو هەر ڕێککەوتنێک لەسەر حیسابی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکەی بکرێت، بە "لەدایکبووی مردوو" دادەنرێت و بەلای ئەوانەوە قبووڵنەکراو نییە.
ئێستا ئامادەکارییەکان بۆ کۆبوونەوەی هەینی داهاتووی نێوان دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمیر پووتین دەستیپێکردووە و چاوی هەموو جیهان لەسەر ئالاسکایە، بۆ ئەوەی بزانرێت ئاخۆ دیپلۆماسییەتی نێوان دوو زلهێزەکەی جیهان، دەتوانێت کۆتایی بەم خوێنڕشتنە بهێنێت یان نەخشەی سیاسیی ناوچەکە بەبێ ڕەچاوکردنی خواستی لایەنی سەرەکیی قەیرانەکە سەرلەنوێ بکێشرێتەوە.