ئەمڕۆ دوا وادەی کۆبوونەوەی لێژنەکانی هەرێم و عێراقە بۆ ڕادەستکردنی ڕاپۆرتەکان

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران پێشخرا و سبەی سوودانی بڕیار لەسەر ڕاپۆرتەکانی لێژنەی نێوان عێراق و هەرێم دەدرێت
ئەمڕۆ دوا وادەیە بۆ لێژنەکەی عێراق و هەرێم ڕاپۆرت ئامادە بکەن و حکومەتی فیدڕاڵیش کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی پێشخست و لە ڕۆژی سێ شەممەوە هێنایە سبەی یەکشەممە.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ راپۆرتەکانی لێژنەی دارایی لە بارەی داهاتی نانەوتی هەرێم و پرسی تەوتینکردنی مووچە دەدرێتە دەست سودانی و سبەینێ یەکشەممە، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار لەسەر راپۆرتەکان دەدرێت و لە ئەگەری رەزامەندی لەسەر راپۆرتەکان مووچە بۆ هەرێم دەنێردرێت.
ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە لێژنەیەكی هاوبەش لە نێوان هەرێم و عێراق پێكهێندرا بۆ ئامادەكردنی ڕاپۆرتێكی گشتگیر لەسەر بەرهەمی بەدەستهاتووی نەوت و داهاتی ناوخۆ و بابەتی هەژماری من، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ لێژنەکە هیچ ڕاپۆرتێکی پێشکەشی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق نەکردووە.
بۆ مووچەی مانگی شەش، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی هەیە 120 ملیار دینار لە داهاتی نێوخۆ ڕادەستی بەغدا بکات.
لەلایەکی دیکەوە عەلی نزار فائق، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای سۆمۆ دەڵێت، ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم تەواو بوون، سەرجەم گربەستەکانیشی لەگەڵ کۆمپانیا کڕیارەکان کۆتایی پێهێناوە.
جێی باسە هەرێمی کوردستان ڕۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت لە بەندەری جیهان ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکات، بەڵام بەهۆی هێرشە درۆنییەکانی ئەم دوایانە بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکان، ڕێژە کەم بووەتەوە.