یاساى حەشدى شەعبی ... یاساى یەکپارچەیی خاکى عێراق

هەموارى یاسای حەشدى شەعبی یەکێکە لەو بابەتانەى کە ئێستا پانتایەکی فراوانى شرۆڤەکانى سیاسیەتى لە عێراق داگیرکردووە، هۆکارەکەش پەیوەندى بە چەند ڕەهەندێکى سیاسی و ئابوورى و تەناهی و دامەزراوەییەوە هەیە
نووسینی: شەماڵ ئەحمەد ئیبراهیم
لە ماوەى چەند ڕۆژى ڕابردوودا، چەندین بابەتى هەنووکەیی بەرۆکى هەرێمى کوردستان و عێراقی گرت، تا ئێستاش ئەو بابەتانەى کە لە بەرگى کێشەى ناوچەیی و هەرێمایەتیدا خۆیان دەنوێنن، کاریان کردۆتە سەر سیاسەت و ڕەوتى سەقامگیریى عێراق و هەرێم، دوور نییە هەژموونى نەرێنى ئەو کێشانەش تا ماوەیەکى دوور تر بەردەوام بیت.
ئەگەرى ئەوەش هەیە کە کاراکتەرى نێودەوڵەتى دیکە بیتە ناو هاوکێشەکەوە بە جۆرێک کە تەواوى بونیادى ئێستاى هەرێمایەتى و نێوخۆیی بخاتە ژێر پرسیارەوە، سروشتى ئەم کێشانەى ئێستا وایە کە: خێران، بەردەوامن، بۆیە دەکرێت لەهەندێک سات و کاتى دیاریکراودا، یەکێک یان زیاتر لە کێشەکان لە گۆڕەپانى میدیایی و هەواڵى، ون ببن، خامۆش بن، بەڵام ئەوە ماناى ئەوە ناگەیەنێت کە ئەو کێشەیە چارەسەر بووە، بەڵکو لەگەڵ گۆڕانکارییە خێراییەکانى ژینگەى دەرەوە و ناوەوەى کێشەکە، ئەمانیش خامۆش یان هەڵدەبنەوە، بۆ نموونە کێشەى (خور عەبدوڵڵا) لە نێوان کوەیت و عێراق، یەکێک بوو لەو کێشانەى کە ماوەیەکى زۆر مەودایەکى فراوانى لەسەر گۆڕەپانى هەواڵ و میدیا ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتى داگیر کردبوو، بەڵام ئێستا کوا بەو ئەندازە باڵایە ماوە، یان کێشەى ڕێککەوتنى نێوان عێراق و تورکیا لەسەر هەناردەکردنى نەوت لە ڕێگاى بۆرى نەوتەوە بۆ سەر بەندەرى جیهان.
بەهەمانشێوەى خور عەبدوڵڵا، خامۆش بووە، ئەمانە ماناى ئەوە نییە کە ئەو کێشانە نەماوە، بەڵکو لە ڕیزبەندى کێشە هەنووکەییەکان تەنیا ڕیزبەندییەکەى گۆڕاوە و ئێستا کێشەى دیکە هەیە کە جێگەى گرتۆتەوە، پاڵپشت بەو ڕاستییەش، لەم ساتەدا سێ کێشەى گەورە هەن، کە بەرۆکى عێراق و هەرێمى کوردستانىان گرتووەتەوە، ئەم کێشانەش پێویستیان بە چارەسەرە تاوەکوو بتوانرێت لە ڕێگەى دیپلۆماسییەوە چارەسەر بکرێن و نەبنە فاکتەرى پشێوى و ناسەقامگیری، بەتایبەتى کە لەم دۆخەی ئێستادا، بۆ بەرژەوەندى عێراق و هەرێمى کوردستانیش واباشترە کە دیپلۆماسییەت زمانى گفتوگۆ و چارەسەر بێت و نەوەک سیاسەتى توندوتیژ، چونکە هێورکردنەوەى دۆخەکە دەبیتە هۆکارێک بۆ ئەوەى کە ئارامتر بیر بکەینەوە و لە گشت گۆشە جیاوازەکانەوە کێشەکان ببینین و هەڵبسەنگێنین و پێوانەى کاریگەرییەکانى بکەین لەسەر خۆمان و بەرامبەریش، لەو کێشانەى کە هەنووکەین و لە داهاتوودا دەبنە بابەتى گەورە بریتییە لە: یاساى هەموارى یاساى حەشدى شەعبی، کێشەى ئاو لە هەرێمەکانى ناوەڕاست و باشوورى عێراق، کێشە داراییەکانى نێوان حکوومەتى فیدراڵی و حکوومەتى هەرێمى کوردستان، هەر یەک لەم کێشانە پێویستى بە چەندین وتار و شرۆڤەکردن هەیە، لێرەدا تەنیا باس لە یاساى هەموارى یاسای حەشدى شەعبی دەکەین.
هەموارى یاسای حەشدى شەعبی یەکێکە لەو بابەتانەى کە ئێستا پانتایەکی فراوانى شرۆڤەکانى سیاسیەتى لە عێراق داگیرکردووە، هۆکارەکەش پەیوەندى بە چەند ڕەهەندێکى سیاسی و ئابوورى و تەناهی و دامەزراوەییەوە هەیە، ئەوەى بە وردى ئەم یاسایە بخوێنێتەوە کە لە 24/4/2025 لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق خوێندنەوەى یەکەمى بۆ کرا، چەند تێبینییەک لەسەر خودى یاساکە و ژینگەى دەرچوواندنى یاساکە تۆمار دەکات.
یەکێک لە گرنگترین تێبینییەکان بریتییە لەوەى: دەقی یاساکە پشتى بەستووە بە بەندى یەکەم لە ماددەى (61) و بەندى سێیەم لە ماددەى (73) ى دەستوورى هەمیشەیی عێراق، تیایدا ماددەى (61) مافی یاسا دانان دەداتە ئەنجوومەنى نوێنەرانی عێراق و ماددەى (73) مافی پەسەندکردنى یاساکان بەشێوەیەکى ڕەمزى دەداتە سەرۆک کۆمار و لە کاتى نەبوونى هیچ ناڕەزایەتییەکى سەرۆک کۆمار لە ماوەى (15) ڕۆژدا یاساکە بە دەرچووێنراو ئەژمار دەکات.
سەرەتا ئەم یاسایە لەلایەن حکومەتى عێراقەوە بەرزکراوەتەوە بۆ لیژنەى ئاسایش و بەرگرى ئەنجوومەنى نوێنەران و ئەوانیش پاش گفتوگۆ ناردویانە بۆ سەرۆکایەتى پەرلەمان تاوەکو خوێندنەوەى بۆ بکرێت، بەڵام پێدەچێت کە ئەم یاسایە لە هەناوى سازانى سیاسییەوە (التوافق السیاسی) سەرچاوەى نەگرت بێت ئەوەى بەڵگەیە لەسەر ئەم تێڕوانینە خودى دەقی ماددە یاساکەیە کە (دامەزراوەى حەشدی شەعبی) دەکاتە دامەزراوەیەکى تایبەت بە تایەفەیکى دیاریکراو لە عێراق، کە ئەویش شیعەیە، بۆ نمونە ماددەى دووەم بەندەکانى یەکەم تا پێنجەم کۆمەڵێک گومان سەبارەت بە ئامانجەکانى دامەزراندنى ئەم دەستەیە دروست دەکەن، لەوانەش: ئەگەر دامەزراوەى حەشدى شەعبی ئامانجى پاراستنى سیستەمى دەستوورى و دیموکراسی عێراق بێت، ئەى کەواتە دامەزراوەى بەرگرى و تەناهییەکانى دیکەى بەستراو بە سەرۆکایەتىی ئەنجوومەنى وەزیرانەوە کاریان چییە؟!، یان چ سوودێک هەیە لەوەى کە دامەزراوەیەکى دیکەى بەرگرى دابمەزرێنرێت کە هەردوو ئەرکى بەرگرى و تەناهی تیادا کۆ ببێتەوە؟؛ ئایا ئەو دوو بابەتە دوو بابەتى جیاواز نین و لەگەڵ پیشەیی دامەزراوەکەدا بەریەک ناکەون؟.
بە تایبەتى کە دەکرێت ئەو دامەزراوانەى کە ئێستا هەن گەشەیان پێبدرێت و بەهێز بکرێن لەڕێگەى خولى ڕاهێنان و دامەزراوەى ئەکادیمییەوە، دواتر ئایا ئامانج لەوە نییە کە ئەم دامەزراوەى حەشدى شەعبییە جێگەى دامەزراوەى بەرگرى و تەناهی عێراق بگرێتەوە، بەتایبەتى کە حەشدى شەعبی دامەزراوەیەکى عەقائدییە؛ یەکێکى دیکە لەو گومانانەى کە هەیە بریتییە لەوەى کە ئامانجى ئەم دامەزراوەیە پاراستنى یەکپارچەیی خاکى عێراقە، وەکو ئەوەى کە خاکى عێراق لەبەردەم هەڕەشەى پارچەپارچەبووندا بێت، ئەم ئامانجەش لە بەندى دووەمى ماددەى دووەم، بەندى پێنجەمى ماددەى سێیەم، بەندى چوارەمى ماددەى پینجەم دا بەهەمان دەق کە دەڵێ (وحدة العراق) هاتووە، ئەمەش ئەو پرسیارە جەدەلییە دەوروژێنێتەوە کە ئایا هێزى سەربازى گرنتى پاراستنى یەکپارچەیی خاکى عێراقە یان عێراق پیویستى بەوەیە کە هەموو هاونیشتمانیانى وەک یەک و بەیەکسانى لێیان بڕوانێت تاوەکو پارێزگارى لە یەکپارچەیی خاکى وڵاتەکەى بکاتەوە، ئەوەى لە مێژووى هاوچەرخى عێراقدا شەلماندوویەتى ئەوەیە کە دانایی لە سیاسەتدا زامنى مانەوەیە پێکەوە، نەوەکو هێز و چەک و چۆڵ، پێم وایە حکوومەتى ئێستاى عێراق هەمان هەڵەى حکوومەتەکانى پێش خۆى دووبارە و دەبارە دەکاتەوە، سیاسەتى هێز و تۆقاندن لەگەڵ پێکهاتەکانى عێراق سوودى بۆ هیچ لایەک نابێت.
یەکێکى دیکە لەو گومانانەى کە لە سەر ئەم یاسایە دروست دەبێت و گومانى ئەوە دروست دەکات کە پێشنیارکردنى لە دەرەوەى سیاقی سازانى سیاسی بووە بریتییە لە پەیکەرى دامەزراوەکە و بەڕێوەبردنى. ئەوەى جێگەى سەرنجە ئەوەیە کە سەرۆکى دەستە پلەى وەزیرى پێدەدرێت، هەروەها ئەندامە لە ناو ئەنجوومەنى نیشتمانى ئاسایشیی نەتەوەیی، ئەمە خۆى جێگەى پرسیارە، کە ئایا وەزیرى بەرگرى و ناوخۆ کاریان چییە؟، کە وەزیرێکى دیکە بۆ ئەم بوارە زیاد بکرێت.
پاشان سەرجەم جومگە گرنگەکانى دامەزراوەکە وەکو سەرۆکى ئەرکان و ئەمانتى گشتى و ئەمین سڕى گشتیی دامەزراوەکە و بەڕێوەبەرى ڕێکخستنەکانی دامەزراوەکە بەپێی بەندى یەکەمى ماددەى شەشەمى یاساکە پێویستە خزمەتیان لە (10) ساڵ کەمتر نەبێت لە ناو دامەزراوەى حەشدى شەعبیدا، کەواتە بە هەموو پێوەرێک ئەم یاسایە بۆ نوێکردنەوەى شەرعییەتى بوون و مانەوەى حەشدى شەعبییە، نەوەکو ئەوەى کە ئەم دامەزراوەیە دامەزراوەیەکى نوێ بێت، لە کاتێکدا کە دەکرێت ئەندامانى حەشدى شەعبی لەناو دامەزراوەى بەرگریدا جێگایان بکرێتەوە، بەڵام ئەوە ناکرێت چونکە وەزراەتى بەرگرى لەلایەن پیکهاتەى سوننەوە بەڕێوە دەبرێت.
بە کورتییەکەى ئەم یاسایە گیانى تایەفەگەرى لە عێراقدا قووڵتر دەکاتەوە لە برى ئەوەى کە کار بکات بۆ نەهێشتنى، ئەمەش هەنگاوێکى نەرێنییە لەبەردەم مانەوە عێراق بەم شێویەکى کە ئێستا هەیە، هەر ئەمەشە بۆتە مایەى ئەوەى کە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا گومانى لەسەر یاساکە و ئامانجەکانى هەبێت، دواجار ئەوەشمان بیر نەچێت کە دەرچواندنى ئەم یاسایە لە سوود و بەرژەوەندى پڕۆدۆکسەکانى ئێرانە لە عێراق و ئەمەش کێشەکە لە عێراق قووڵتر دەکاتەوە وەک ئەوەى کە چارەسەرى بکات. کەواتە ئەم کێشە ناوخۆییە چەند هەژموونى ناوخۆیی هەیە لەسەر پێکهاتەکانى دیکەى جگە لە شیعە کە کورد و سوونەن، هێندەش کاریگەرەى هەیە لەسەر پەیوەندییە دەرەکییەکانى عێراق بە وڵاتانى دیکەوە، بۆ نمونە پەیوەندییەکانى عێراق و وڵاتانى کەنداو، لە ڕاستیدا تڕوانینێک هەیە کە تێپەڕاندنى ئەم یاسایە جارێکى دیکە هیلالی شیعى زیندوو دەکاتەوە بەوەى کە تاوەکو ئێستا حوسییەکانى یەمەن بەهێزن و تواناى بەرگرى و هێرشیان هەیە.
هەروەها دەکەونە خوارەوەى نمچە دورگەى عەرەبییەوە و ئەگەر عێراقیش ئەم هێزە دروست بکات دەتوانێت لە بەشی سەرەوەى نیمچە دورگەى عەرەبەوە کۆنتڕۆڵى ناوچەیەکى بەرفراوان بکات، ئەم ماناى ئەوەیە کە تەواوى جیۆسیاسی وڵاتانى کەنداوى عەرەبی دەکەویتە بەر مەترسی ئەم دوو هیزى کە لە باکور و باشورەوە دەوریان داون، هەروەها دروستکردنى هێڵێکى بەرگرى نوێشە لەلایەن ئێرانەوە، پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کە ئەمریکا چی دەوێت لە عێراقدا؟ بەلاى ئەمەریکاوە گرنگە کە حکوومەتى عێراق لە ژێر کۆنتڕۆڵدا بێت، ئەو کۆنتڕۆڵەش تەوافی سیاسی دروستى دەکات، بەجۆرێک کە هیچ پێکهاتەیەک هێزى باڵاى نەبێت بەسەر ئەوى دیکە، ئەمەش لە عێراقدا لە ئێستادا بوونى نییە.