پایتەخت

شاندێکی هەرێم بۆ پرسی مووچە گەیشتە بەغدا

شاندێکی هەرێم بۆ پرسی مووچە گەیشتە بەغدا
کورتە

شاندێکی هەرێمی کوردستان لەسەر چەند پرسێک گەیشتە بەغدا و چاوەڕوان دەکرێت چارەنووسی مووچەی مانگی شەش یەکلایی بکرێتەوە. 

 

هاوکات لەگەڵ ڕێوڕەسمەکانی ئەربەعینی شیعەکان، رۆژی کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق گۆڕانکاریی بەسەردا هات و بڕیاروایە رۆژی یەکشەممە کۆبوونەوەکە ئەنجام بدرێت و لەو کۆبوونەوەیە هەواڵی خۆش بە مووچەخۆرانی هەرێم بدرێت.

دوێنێ سێشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرپەرشتیی محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر بابەتی ڕادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە بەغدا و پرسی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمیش گفتوگۆی لەسەر کرا.

بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەکەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا داوا لە هەرێمی کوردستان کرابوو، کە شاندێکی دارایی هەرێم سەردانی بەغدا بکات و لەبارەی چەندین پرسی وەکوو ڕادەستکردنی نەوت، داهاتی نانەوتی و مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەر و مووچەخۆرانەوە گفتگۆ بکەن، هەر بۆیە ئەمڕۆ چوارشەممە، شاندێکی هاوبەشی وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا و بڕیارە لەگەڵ شاندێکی هاوبەشی وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی فیدڕاڵی عێراق کۆببنەوە و تا ڕۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو، کێشەکان چارەسەر بکەن و ڕاپۆرتی کۆتایی خۆیان ڕادەستی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بکەن.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست پایتەخت میدیا کەوتوون، شاندەکەی هەرێم بە مەبەستی کێشەکان لەسەر پرسی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێم و کۆتاییهێنان بە کارەکانی ئەو لیژنەیەی لەسەر داهاتی نانەوتی پێکهێنرابوو سەردانی بەغدایان کردووە و لەگەڵ شاندی هاوبەشی وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێریی عێراق کۆدەبنەوە. 

جیا لەمانەش، عێراق ڕازی بووە بە وەرگرتنی نەوت لە هەرێمی کوردستان و هەر لە کۆبوونەوەکەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان توانای ئەوەی هەیە، کە ڕۆژانە 130 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنێت، کە لەم بڕە نەوتەی هەرێم، عێراق 80 هەزار بەرمیل وەردەگرێت و 50 هەزار بەرمیلەکەی دیکەش بۆ ناوخۆی هەرێم دەمێنێتەوە و لە دوو رۆژی داهاتوو نەوتەکە وەردەگرن. 

هەر ئەمەش ڕێگای بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان خۆش کردووە و چاوەڕوان دەکرێت، کە شاندە داراییەکانی هەرێم و بەغدا تا ڕۆژی یەکشەممە کێشەی ڕاپۆرتەکان تەواو بکەن و چارەنووسی مووچەی مانگی شەشیش یەکلایی بکرێتەوە.

06 ئاب 2025 15:48
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025