بارهەڵگرێکی یارمەتییە مرۆییەکان 20 کەسی لە غەززە کوشت

لە کاتی وەرگرتنی هاوکارییە مرۆییەکان بارهەڵگرێک ژمارەیەک خەڵکی غەززەی شێلا
بارهەڵگرێکی یارمەتییە مرۆییەکان 20 کەسی لە غەززە کوشت
لە کاتی دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان وەرگەڕانی بارهەڵگرێک لە کەرتی غەززە، ژمارەیەک گیان لەدەستدان و برینداری لێ کەوتەوە.
ئەمڕۆ چوار شەممە، پێگەی تامز ئۆف ئیسرائیل ڕایگەیاند، درەنگانی شەوی ڕابردوو دوای ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی غەززە لە دەوری بارهەڵگرێکی هاوکارییە مرۆییەکان کۆبوونەوە و ناچاریان کرد بەرەو لایەکی دیکە پێچ بکاتەوە، بەمەش وەرگەڕا و کەوتە سەر خەڵکەکە.
بەهۆی ئەم ڕووداوەوە، 20 کەس گیانیان لەدەستدا و ژمارەیکی دیکەش بە سەختی بریندار بوون.
بەگوێرەی وەزارەتی تەندرووستی غەززە، تاوەکو ئێستا بەلایەنی کەم هەزار و 568 کەس لە کاتی وەرگرتنی هاوکارییە مرۆییەکان گیانیان لەدەستداوە و 11 هەزار و 230 دیکەش بریندار بوون.
جێی باسە سێ ڕۆژ لەمەوەبەر، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڕیاریدا دەست بەسەر تەواوی ئەو شوێنانەدا بگرێت لە کەرتی غەززە، کە تێیدا بارمەتەکانی ئیسرائیلی لێ دەستبەسەرکراون، دۆنالد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش ئەمڕۆ ڕایگەیاند، ئەم بڕیارە هیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە نییە.