بۆ وەرگرتنی ڤیزای ئەمریکا پێویستە 15 هەزار دۆلار کەفالە دابنێیت

ئەمریکا لەبەرانبەر پێدانی ڤیزا داوای کەفالەی 15 هەزار دۆلار دەکات
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بەردەوامە لە جێبەجێکردنی یاسای توند دژی کۆچ و کۆچبەری بۆ وڵاتەکەی و لە بڕیارێکی نوێشدا ڕایگەیاندووە، هەر کەسێک بییەوێت ڤیزای ئەمریکا وەربگرێت، پێویستە 15 هەزار دۆلار وەکو کەفالە ئامادە بکات.
ئەمڕۆ سێشەممە، لە ڕۆژنامە فەرمییەکانی ئەمریکا بڕیارێکی نوێ بڵاودەبێتەوە، کە باس لەوە دەکات، هەر کەسێکی بیانی بییەوێت ڤیزای ئەمریکا وەربگرێت، ئەوا پێویستە بە بڕی 15 هەزار دۆلار پارە وەکو کەفالە دابنێت.
بڕیارەکە ئەمڕۆ بڵاودەکرێتەوە و 15 ڕۆژ دواتر دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەرپرسانی پەیوەندیداری ئەمریکی لەمبارەیەوە ڕایانگەیاندووە، ئەم بڕیارە بۆ ماوەی ساڵێک بەشێوەی کاتی جێبەجێ دەکرێت، تاوەکو دەرەنجامێکی باش ببینرێت، ئەگەر بڕیارەکە کاریگەریی ئەرێنی هەبوو، ئەوە دەکرێتە یاسایی و بە هەمیشەیی دەکرێت.