جگە لە برسییەتی مەترسییەکی نوێ بۆ سەر دانیشتووانی غەززە ئاشکرا دەبێت

جگە لە برسییەتی و کوشتنیان لەلایەن ئیسرائیلەوە، کارەساتێکی دیکەی مرۆیی بۆ دانیشتووانی کەرتی غەززە دروست بووە
تا دێت برسییەتی تەنگی زیاتر بە خەڵکی غەززە هەڵدەچنێت و ئاماری گیانن لەدەستدان بەهۆی بەدخۆراکی و برسییەتییەوە زیاتر دەبێت، جیا لەمەش وەزارەتی تەندروستی غەززە هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکی مەترسیدار دەدات.
ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی تەندروستی غەززە بڵاویکردەوە، مەترسییەکی نوێ بەرۆکی دانیشتووانی کەرتی غەززەی گرتووە، کە نەخۆشیی گوازراوەیە و لە جۆری "گویلان بارێ"ـیە.
وەزارەتی تەندروستی غەززە ئاماژەی بەوەکردووە، ئەم نەخۆشییە و نەخۆشییە گوازراوەکانی دیکە خەریکە کارەساتی مرۆیی دەنێنەوە، ئەگەر ڕێکخراو و ناوەندە تەندروستییەکانی جیهان هاوکار و یارمەتیدەر نەبن بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە، ئەوا دەبێت چاوەڕێی کارەساتێکی گەورەی مرۆیی بین لە ناوچەکە.
وەزارەتەکە سەبارەت بە مەترسیداربوونی ئەو جۆرە نەخۆشییانە ڕایگەیاندووە، ساڵانی ڕابردوو لە ماوەی یەک ساڵدا کەمتر لە 10 کەس تووشی نەخۆشییەکە دەبوون، بەڵام تەنیا لە ماوەی 2 مانگی ڕابردوودا زیاتر لە 64 کەسی تووشبووی ئەم نەخۆشییە تۆمار کراون، کە لە نێویاندا ژن و منداڵ بوونیان هەیە.
لە سەرەتای جەنگی غەززە و ئیسرائیلەوە تا ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی غەززە بە شەڕ و ماڵوێرانی گیانیان لەدەستداوە، هەروەها برسییەتی و بەدخۆراکیش ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە لە تووشبوون بە نەخۆشییەکان و مردنی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە، جیا لەمانەش پەرەسەندنی نەخۆشییە گوازراوەکانیش بووەتە مەترسییەکی نوێ لەسەر ژیانی خەڵکی غەززە.