پایتەخت

نەتەنیاهوو بڕیاری داگیرکردنی تەواوی غەززەی دا

نەتەنیاهوو بڕیاری داگیرکردنی تەواوی غەززەی دا
کورتە

بڕیار لەسەر داگیرکردنی یەکجاری و تەواوەتیی کەرتی غەززە درا

 

دوای بڵاوبوونەوەی وێنە و ڤیدیۆی بارمتە ئیسرائیلییەکانی لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە، ئیسرائیل بڕیاری داگیرکردنی تەواوی کەرتی غەززەی دا.

پێگەی جێروسەلم پۆست بڵاویکردەوە، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڕیاریدا دەست بەسەر تەواوی ئەو شوێنانەدا بگرێت لە کەرتی غەززە، کە تێیدا بارمەتەکانی ئیسرائیلی لێ دەستبەسەرکراون.

ناوبراو ئەم ئۆپەڕاسیۆنەی بە ئەیال زامیر، سوپاسالاری ئیسرائیل ڕاسپاردووە و دەشڵێت: "ئەگەر ئەم ئۆپەڕاسیۆنە بۆ ئەو ناشێت، دەتوانێت دەست لەکار بکێشێتەوە"، ئەیال زامیریش بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە، گەشتەکەی بۆ ئەمریکا هەڵووەشاندووەتەوە.

لە ئێسادا پێشیبینی دەکرێت بڕیارەکەی نەتەنیاهوو بخرێتە بەردەم کابینەی جەنگی ئیسرائیل کە لە کۆتایی هەفتە ئەنجام دەدرێت و لەوێش پەسەند بکرێت. 

لەلایەکی دیکەوە، دانی دانون، باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایش ڕۆژی سێشەممە، 5-8-2025 بۆ بەدواداچوون بۆ دۆخی بارمتە ئیسرائیلییەکانی ژێر دەستی حەماس بەڕێوە دەچێت. 

ئەمە لە کاتێکدایە، هەفتەی ڕابردوو، بزووتنەوەی حەماس ڤیدیۆ و وێنەی بارمتە ئیسرائیلییەکانی بڵاوکردەوە، کە چۆن لە بێ ئاو و خۆراکدا خەریکە گیان لەدەست دەدەن، هاوکات حەماس جەختی لەوەش کردەوە کە دەبێت سەدان بارهەڵگری پڕ لە یارمەتی بچنە نێو کەرتی غەززە بۆ دەستپێکردنەوەی وتووێژەکان.

ئامانج لە داگیرکردنی کەرتی غەززە، بریتییە لە ئازادکردنی بارمتەکان، لەناوبردنی بزووتنەوەی حەماس و دڵنیابوونەوەی لەوەی کەرتی غەززە چیتر نابێتە هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر ئیسرائیل.

05 ئاب 2025 06:29
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025