چارەنووسی ئەو ئەسپانەی لە کێڵگەکانی عالیە نوسەیف و کوڕەکەی دەستیان بەسەردا گیرا، ئاشكرا کرا و بەهاکەشیان بە 2 ملیار دینار دەخەملێندرێن.
ڕۆژنامەی ئەلمەدا ئاشكرای کرد، بەڕێوەبەرایەتیی جێبەجێکردنی کەرادە بڕیاری دادگای تاوانەکانی گەندەڵی سەبارەت بە سەروەت و سامانی عالیە نوسەیف، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق و تێوەگلاو لە دۆسییەی گەندەڵی جێبەجێ دەکات، کە تێیدا 23 ئەسپی ناوبراو لە زیادکردنێکی ئاشكرا دا دەفرۆشرێن و بەهای سەرجەم لە ئەسپەکان بە 2 ملیار دینار دەخەملێندرێن.
پێشووتر ڤیدیۆی دەستگیرکردنی عالیە نوسەیف لە یەکەم شەوی ئۆپەراسیۆنی 'هەڵمەتی بەرەبەیان' بڵاوبوویەوە، کە بۆ دەستگریکردنی گەندەڵکاران و ئەو بەرپرس و پەرلەمانتارانەی لە دۆسیەی گەندەڵی عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق تێوەگلا بوون، ئەنجامدرا.
دواتر لە ماڵی سەجاد عەلی، کوڕی عالیە نوسەیف دەست بەسەر 31 چەکی جۆراوجۆر، 19 ڕوومانە، 41 مەخزەن، 3 ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرز (لاندکرۆزەر، مارسیدس، ڕانج ڕۆڤەر) و چەندین کارتی بانکی و ئەلیکترۆنی دا گیرا، لە کێڵگەیەکیشی بڕی 70 ملیار دینار و ژمارەیەک ئەسپی گرانبەها دۆزرانەوە.