ژمارەی قوربانییانی لافاوەکەی نیپاڵ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و حکومەتی وڵاتەکە، یارمەتی وڵاتانی دیکە بۆ دۆزینەوەی قوربانییان ڕەت دەکاتەوە.
ئەمڕۆ هەینی پۆلیسی نیپاڵ ڕایگەیاند، ژمارەی قوربانییانی لافاوکەی وڵاتەکە گەیشتە 469 کەس، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەش جەختی کردووەتەوە کە پێویستیان بە یارمەتی وڵاتانی دیکە نییە، لاک بەهادور، گوتەبێژی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە گووتی: "پێشکەشکردنی هاوکاری لەکاتی وەهادا شتێکی سروشتییە، بەڵام لە ئێستادا تیمەکانی ئاسایش ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردن ئەنجام دەدەن، بۆیە پێویستمان بە هاوکاری هیچ وڵاتێک نییە."
سودهان گورونگ، وەزیری ناوخۆی نیپاڵ ئاشكرای کردووە، ئەولەوییەتی ئێستایان دۆزینەوەی ئەو کەسانەیە کە لە ژیاندا ماون، لە نێویشیاندا 650 کەسی بیانی هەیە، بەڵام ژمارەی کاسانی ناوخۆی بێسەرووشوێن بوو، تا ئێستا ئاشكرا نەکراوە.
ڕێکخراوی نێودەوڵەتی مرۆیی مانگی سوور ڕایگەیاندووە، لە ئێستادا وێنەیەکی تەواوی ئەم کارەساتەیان لەبەردەستدا نییە، لە کاتی ڕووداوەکە گوند هەبووە بەتەواوی کاول بووە و چەندین کۆمەڵگەش بەهۆی ڕووخانی پرد و نەبوونی ڕێگا، لە پەیوەندیکردن بە جیهانی دەرەوە پچڕاون.
لەلایەکی دیکەوە، هەردوو وڵات چین و نیپاڵ هۆشدارییان لە ئەگەری دروسبوونی لافاوی دیکە لە چیاکانی هیمالایا داوە، دوو دەریاچە لە سنووری هەردوو وڵات بەهۆی لافاوەکە دروست بووە و بەنداوێکیش لە ناوچەی تبت داڕماوە، لەئەنجامدا چین زیاتر لە 800 کارمەندی فریاگوزاری خۆی لە ترسی ئەگەری دروستبوونەوەی لافاو لە ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردن کشاندەوە.
دامەزراوەی جیۆلۆجی ئەمریکی ڕوونی کردووەتەوە، ئەم ڕووداوە سەرەتا وەک بوومەلەرزەیەکی بەهێزی 4.4 پلەی ڕیختەر تۆمار کرا، بەڵام دواتر دەرکەوت هۆکارەکەی داڕمانی بەستەڵەک بووە و بووەتە هۆی دروستبوونی شەپۆلێکی گەورەی قوڕ و لیتە.