بە بیانوونی قرتاندنی لە لایەن جرج 62 ترلیۆن دینار لە عێراق دزرا

لە عێراق 62 تریلیۆن دینار دیار نەماوە و دەگوترێت جورج و مشک قرتاندوویانە
کاردانەوەکانی قرتاندنی 62 ترلیۆن دینار لە لایەن جرجەوە لە عێراق تاوەکو دێت زیاتر دەبێت و حکومەتی عێراقیش ڕەتیدەکاتەوە، جرج گەیشتبێتە قاسەی بانکەکانیان و پارەی قرتاندبێت.
ماوەی چەند رۆژێکە لە میدیا و سۆشیال میدیاکانی عێراق هەواڵی دیارنەمانی 62 ترلیۆن دینار بڵاوبووەتەوە و دەگوترێت، جرج و مشک قرتاندوویەتی و بەشێک لە بەرپرسان و سیاسییەکانی عێراقیش دەڵێن: “نەخێر پارەکە دزراوە و دەیانەوێت بە ناوی قرتاندنی پارە لە لایەن جرج و مشکەوە، ئەم دزی و گەندەڵییە گەورەیە پەردە پۆش بکرێت”.
مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر ئەو بابەتە هاتووەتە دەنگ و دەڵێت؛ “ئەم هەواڵەی بڵاوکراوەتە دەربارەی قرتاندنی 62 ترلیۆن دینار، زۆر نامەنتیقی و بێ بنەمایە و دوورە لە ڕاستی، چونکە لە ڕووی سیستەمی بانکی و ئابووری ئەستەمە شتی لەم شێوەیە ڕووبدات.”
ئەو راوێژکارەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، کە کۆی دراوی دەرچووی عێراق لە 100 ترلیۆن دینار تێپەڕ ناکات و نزیکەی 88%ی کۆی دراوی کاشی عێراق، لە دەرەوەی سیستەمی بانکییە و بەدەستی هاووڵاتییانەوەیە”.
قسەکانی ئەم بەرپرسە نەبووە ئاو و ئاگری ناخی عێراقییەکانی نەکوژاندەوە، بەڵکو کاردانەوەکانی لە سۆشیال میدیا زیاتر کرد و باس لەوە دەکەن، هەڵبژاردن نزیکە، حکومەت دەگۆڕێت، بۆیە لەگەڵ گۆڕینی حکومەت، سەروەت و سامانی عێراقیش بە تاڵان دەبرێت و هەر بەرپرسێک لە لای خۆیەوە، دەستێکی پێدا دەهێنێت.