سوپاسالاری ئێران: هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەمان تەواو نەبووە

ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگ لە نێوان ئێران و ئیسرائیل هەیە
سەرەڕای کۆتاییهاتنی شەڕی 12 ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل، بەڵام ئەگەری هەڵگیرسانەوەی دووبارەی شەڕ لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا بەهێزە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەمیر حاتەمی، سوپاسالاری سوپای ئێران لەبارەی ئەگەرەکانی هێرشی دووبارەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ڕایگەیاند، هەڕەشەکانی تەلئەڤیڤ لەسەر وڵاتەکەمان بەردەوامە و کۆتایی نەهاتووە، من پێم وایە ئیسرائیل خۆی بۆ هێرشێکی دیکە ئامادە دەکات.
ئەو بەرپرسەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتیشی: "پێویستە هەڕەشەی لەسەدا یەک، بە هەڕەشەی لەسەدا سەد بزانین و خۆمان بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادە بکەین."
سوپاسالاری ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، کە لە ئێستادا توانای بەرەنگاربوونەوەی هەر هێرشێکی ئیسرائیلیان هەیە و هەموو هێزەکانیان لە دۆخی ئامادەباشی تەواودان.