پایتەخت

جینۆسایدی ئێزدییەکان زامێکی ساڕێژنەکراوی نەتەوەی کوردە

جینۆسایدی ئێزدییەکان زامێکی ساڕێژنەکراوی نەتەوەی کوردە
کورتە

ئەمڕۆ 11 ساڵ بەسەر کارەساتی کۆمەڵکوژی شنگال تێپەڕدەبێت

 

لە ڕێکەوتی 3ـی ئابی 2014، تیرۆریستانی داعش هێرشیان کردە سەر ناوچەی شنگال و خەڵکی ناوچەکەیان جینۆساید کرد، هەموو ساڵێک و لەم ڕۆژەدا یادی قوربانیانی ئەو تاوانەی داعش دژی کورد دەکرێتەوە. 

مێژووی دوورودرێژی نەتەوەکەمان پڕە لە چیرۆکی جۆراوجۆر، هەندێکجار داستانی قارەمانێتی و سەرکەوتنە بەسەر دوژمن و داگیرکەردا و جاری واشە کۆمەڵێک ئازاری تاڵ و لەبیرنەکراوی نەیارانمان وەکو شەڕ و داگیرکاری یان کوشتن و ئاوارەکردنی تێدایە، بەڵام لەم نێوانەدا هەر کاتێک وشەی جینۆساید یان کۆمەڵکوژی دەبیستین، ڕاستەوخۆ ئەو تراژیدیا ڕەشانەمان دێتەوە یاد، کە دوژمانانی گەلەکەمان دژی ئێمەیان ئەنجام داوە. 

لەوانەیە بە بیستنی وشەی جینۆساید، کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، ڕووخاندنی ماڵ و گوندەکان، قەڵاچۆ کردن و کوشتنی خەڵکی خۆمان بەبیر بێتەوە، کە نموونەی هەرەگەورەی تاوانەکانی دوژمنانمان بن، بەڵام هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر شنگالیش یەک لەو تاوانە کارەساتئامێزانەیە، کە دوای تێپەڕینی چەندین ساڵیش لە تاوانەکە، بەڵام هێشتاش شوێن پەنجەی تیرۆر و کوشتن بەسەر جەستەی ئەم بەشەی نەتەوەی کوردەوە ماوە. 

لە ڕێکەوتی 3ـی ئابی 2014ـدا، تیرۆریستانی داعش هێرشیان کردە سەر ناوچەی شنگال و دەستیان کرد بە جینۆسایدکردنی دانیشتوانی ناوچەکە، لەو هێرشەدا و لە هەمان ڕۆژدا هێزەکانی داعش زیاتر لە 400 کەسیان بە بێ هیچ تاوانێک گولەباران کرد، دوای شەڕ و ماڵوێرانییەکی زۆر 6 هەزار و 417 کەسیان ڕفاند، کە 3 هەزار و 548 کەسیان ئافرەت و 2 هەزار و 869 کەسیشیان پیاو بوون، زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی ناوچەکە ئاوارە بوون، بەشێکیان ڕوویان لە چیای شنگال کرد و بەشێکیشیان ناوچەکەیان بەجێهێشت، تاوانی ئەوان هێرش و پەلاماردانی خەڵک یان ناوچەیەک نەبوو، دژایەتی و شەڕفرۆشتن بە هیچ نەتەوە و ئاینێک نەبوو، بەڵکو تەنیا کوردبوون و ئێزدی بوونیان گەورەترین تاوانیان بوو، هەر ئەمەش باشترین بیانوو بوو بۆ هێزێکی وەکو داعش، کە مافی ئەوە بە خۆی بدات هێرش بکاتە سەریان.  

لە ئێستادا دەیەیەک بەسەر داگیرکردنی شنگال و جینۆسایدی ئێزدییەکاندا تێپەڕیوە، بەڵام زۆرن ئەو بنەماڵانەی کە یەک یان چەند کەسێک لە ئازیزانیان لەدەستداوە و هیچ شتێک نەیتوانیوە کەسوکاریان بگەڕێنێتەوە بۆیان، هەروەها لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیشدا هێشتا شوێن پەنجەی تاوان و تیرۆر بەسەر ئەو بەشەی کوردستانەوە دیارە و هەموو ساڵێک یادی قوربانیانی کارەساتی شنگال دەکرێتەوە، ئەم تاوانە نموونەیەکی زیندوویە بۆ تێگەیشتنی هەموو جیهان، کە گەلی کورد بە درێژایی مێژوو ئاشتیخواز بووە، بەڵام بەردەوام قوربانی دەستی تیرۆر و تاوان بووە، نەک هۆکارێک بۆ هەڵگیرسانی شەڕ و نائارامییەکان.

03 ئاب 2025 10:24 52
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025