زیاتر لە 120 ههزار هاووڵاتی لە هەرێمی کوردستان ناوی خۆیان بۆ فەریزەی حەجی ساڵی 2026 تۆمار کرد و پڕۆسەی ناونووسین بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات.
ئەمڕۆ وریا بالیسانی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە كۆنگرهیهكی ڕۆژنامەوانیدا نوێترین ئامار و زانیارییەکانی خستە ڕوو و ڕایگهیاند، بەپێی ئامارە فەرمییەکان 120,142 هاووڵاتی وەک کۆی گشتی ناویان تۆمار کردووە کە لەنێویاندا 116,693 هاووڵاتیی ئاسایی و 2,349 خانەوادەی شەهید هەن.
له بهشێكی دیكهی قسهكانیدا ئاشكرای كرد، كه 602 ڕێبەری ئایینی، 255 کۆمپانیا و 243 پزیشک بۆ بەشداریکردن لە پڕۆسەکەدا فۆرمیان پڕ کردووەتەوە. پڕۆسەی ناونووسین ئەمساڵ بە شێوەیەکی تەواو دیجیتاڵی و لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنی (KRDPASS) ئەنجام درا کە تێیدا نزیکەی 73,000 کەس بە خۆڕایی ناویان تۆمار کردووە. حکومەت بەهۆی دیجیتاڵکردنی پڕۆسەکە بڕی 25,000 دیناری تێچووی فۆرمی لەسەر هاووڵاتییان لاداوە.
بهپێی زانیارییهكان، لە ئێستادا لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرقاڵی وردبینیکردنی مەرجەکان و هەڵسەنگاندنی تەندروستیی گەشتیارانن و وادەی تیروپشکی گشتی لە ئایندەیەکی نزیکدا ڕادەگەیەنرێت.
ئەم وەرچەرخانە تەکنەلۆژییە بەشێکە لە پلانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ خێراکردنی خزمەتگوزارییەکان و نەهێشتنی بارگرانیی دارایی لەسەر هاووڵاتییان.